ئەپڵ

لە کۆتایدا ناکۆکی چەند ساڵەی نێوان ئەپڵ و کواڵکۆم کۆتایی پێ هات و گەیشتنە ڕێککەوتن

لەدوای چەند ساڵێک لە ناکۆکی لە نێوان ئەپڵ و کواڵکۆم، ئەوا لە کۆتایدا و لە پێش بەڕێوەچوونی دادگایی نێوانیاندا لە ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو جەنگ و ناکۆکی نێوانیان کۆتایی پێ هات. ئەنجامی سێ ساڵ زیاتری پلان دانان و زیانی زیاتر لە بلیۆنان دۆلار، دادگایی ئەمجارەی ئەپڵ و کواڵکۆم بە درامای ئەمساڵی تەکنەلۆژیا دادەنرێت ، کە تەنانەت پێش دەستپێکردنی دادگاییەکە، ناکۆکیەکە بە فەرمی کۆتایی پێ هێندرابوو. ئیتر ئەپڵ و کواڵکۆم گەیشتنە ڕێککەوتن و گشت کێشەکانیان بەلاوە نا.

وەکو بەشێک لە ڕێکەوتنەکە، ئەپڵ ڕازیبووە بە پێدانی بڕێک لە پارە بە کواڵکۆم، کە گوژمەکە ئاشکرا نەکراوە، و لە ئەنجامدا مۆڵەتی ڕێکەوتنی ٦ ساڵیان واژۆکردووە کە لە ١ی ئەم مانگەوە دەستی پێکرکردووە، لەگەڵ بژاردەی ٢ ساڵ درێژکردنەوە و دابینکردنی چیت Chipset. ئەمەش واتای وایە مۆدێمەکانی ئینتێڵ لە بەرهەمەکانی داهاتووی ئەپڵ بەکارناهێندرێن – کە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندراوەکەی سامسۆنگ لە هەمبەر پەرەپێدانی پڕۆسێسەری ٥ نانۆمەتری بۆ ئامێرە زیرەکەکان.

لە ڕاستیدا، هۆکاری دیاریکراو لە پشتی ڕێککەوتنی خولەکی کۆتایی ئەپڵ و کواڵکۆم ئاشکرا نەکراوە، بەڵام زۆربەی گومانەکان بۆ ئەوە دەچن کە بەهۆی ئاراستەبوونی تەکنەلۆژیایە بەرەو بەکارهێنانی ڕایەڵەی 5G، کە لە ڕاستیدا کواڵکۆم تاکە بژرادەی ئەپڵە بۆ مۆدێمی ڕایەڵەی نەوەی پێنجەم ئەگەر بیەوێت ببێتە بەشێک لێی پێش ئەوەی هەموو کورسییەکان بگێردرێن و شوێن بۆ ئەپڵ نەهێڵدرێتەوە. دواجاریش کواڵکۆم خاوەنی ڕەقەواڵەیەکە کە ئامادەیە و گونجاوە لەگەڵ گشت ستاندەرد و پێوەرەکان – تەنانەت لە هەندێک ئامێردایە کە لە ئێستادا لە بازاڕدان و کاردەکەن – ئەمە لە کاتێکدایە ئینتێڵ تازە بە تازە لەسەرەتای پەرەپێدان دایە و تەنانەت ئەمڕۆ لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا ئینتێڵ پاشەکشەی خۆی بۆ پەرەپێدانی مۆدێمی 5G لە ئێستادا ڕاگەیاند.

لەگەڵ ئەنجامدانی ئەم ڕێککەوتنە، پشکەکانی کواڵکۆم بە ڕێژیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە

هەر هۆکارێک لە پشتی ئەو ڕێککەوتنە بێت، لە کۆتایدا دراما دوور و درێژەکەی نێوان ئەپڵ و کواڵکۆم کۆتایی پێ هات، هیچ نەبێت بە لایەنی کەمەوە بۆ ئێستا کۆتایی پێ هاتووە.

سەرچاوە :

18 نیسان، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1170