هەواڵ

کۆمپانیای EA بەم زووانە ڕاژەکانی یاری Burnout Paradise لەسەر سەرجەم سەکۆکان ڕادەگرێت

کۆمپانیای Electronic Arts ڕۆژی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند هەڵدەستێت بە ڕاگرتنی ڕاژەی جۆری سەرەکی یاری Burnout Paradise، کۆمپانیای ناوبراو لەم بارەیەوە و لەسەر هەژمارە فەرمیەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕاگرتنی ڕاژەکانی یاری Burnout Paradiseـی لەسەر ئامێری کۆمپیوتەر و سەکۆی پلەیستەیشن 3 و ئێکس بۆکس 360 ڕاگەیاند، ئەم بڕیارەش لە بەرواری 1/8/2019ـەوە جێبەجێ دەکرێت واتا تۆی بەکارهێنەر نزیکی 100 ڕۆژت ماوە هەتاوەکو بتوانیت بەرەنگاربوونەوە یاخود کردارە جیاوازەکان لە نێو یاریەکەدا ئەنجام بدەیت.

بەڵام ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێت چیدیکە تۆ ناتوانیت یاریەکە تاقیبکەیتەوە بەڵکو تەنها دەتوانیت بە شێوەی دەرهێڵ یاری بکەیت واتە بێ هێڵێ ئینتەرنێت، شایەنی باسە بڕیارەکە ڕاژەی یاری Burnout Paradise Remastered ناگرێتەوە، ئەمەش جۆرێکی دووبارە دروستکراوەیە لە یاریەکە و ساڵی ڕابردوو بە فەرمی ڕاگەیەنرا بۆ بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر و پلەیستەیشن 4 و ئێکس بۆکس وەن، هەر بۆیە گەر بتەوێت بەردەوام بیت لە تاقیکردنەوەی یاریەکە پێویستە جۆری دووبارە دروستکراوە لە یاریەکە بکڕیت.

19 نیسان، 2019
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
807