10
ئای ئۆ ئێس 24, نیسان 2019 بۆچوون

لە کۆتایدا، گووگڵ ئەپی Google Fit ـی بە دیزاینی مەتێریاڵ و زیاترەوە بۆ iOS بەردەستکرد

ئەمڕۆ (24 ـی 4) گووگڵ ئەپی Google Fit ـی لە نێو کۆگای ئەپ ستۆر بۆ ئای ئۆ ئێس بەردەستکرد. ئەمەش لە پاش زیاتر لە 4 ساڵ بەسەر بەردەستکردنی ئەپەکە بۆ ئەندرۆید.

گشت کاتژمێر و دەستبەندە وەرزشییەکان توانای پەیوەستبوونیان هەیە بە ئەپەکەوە. ئەپەکە تایبەتە بە هەژمارکردنی هەنگاوە بڕدراوەکان و لێدانی دڵ و کالۆری سووتاو و ماوەی بڕدراوەکان بە یارمەتی کاتژمێرە زیرەکەکان و دەستبەندە وەرزشییەکان. هاوکات ئەپەکە لە توانایدایە کە جوڵەکانی دیکەی وەکو وەرزشی یۆگا و پیاسەکردن و کاتەکانی خەوتنیش دیاری بکات.

لە تابی Journal ـی ئەپەکەدا دەتوانیت گشت ئەو چالاکییانە بە شێوەیەکی ڕوون ببینیت کە ئەنجامت داون. ئەپەکە توانای پەیوەستبوون و هاودمەیکردنی زانیارییەکانی هەیە لەگەڵ ئەپی Apple Health ـدا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت تاوەکو بتوانرێت زانیارییەکان لە ئەپە وەرزشییەکانی وەکو Nike Run Club و Headspace ـەوە وەربگیرێن. هەروەها ئەپەکە ڕاستەوخۆ پەیوەستی ئەو کاتژمێرانە دەبێت کە بە وەشانی Wear OS کار دەکەن.

هەرچەندە پێوانەکانی ئەپەکە کەمن، بەڵام شایەنی ئەوەن کە لە داهاتوودا باشتر بکرێن و پێوانەی زیاتر زیاد بکرێن. ئێستا بەردەستە بۆ داگرتن لە ڕێگای کۆگای ئەپ ستۆرەوە بۆ ئایفۆن و ئایپاد و ئایپۆد تەچەکان. کرتە لە وێنۆچکەکەی خوارەوە بکە بۆ داگرتن.

بۆچونی تۆ