ئەپ و نەرمەکاڵا

ئەپێک بۆ دانانی پێوەری پاتری لە دەوری کامێرای سێڵفی زنجیرە مۆبایلی Galaxy S10 دابگرە

بێگومان لەوانەیە چاڵی کامێرای سێڵفی زنجیرە مۆبایلی گالەکسی ئێس ١٠ بۆ زۆرێک لە بەکارهێنەران بێزارکەربووبێت لە سەرەتادا، بەڵام هەر چەند خولەکێکی دواتر دیمەنەکە ئاسایی بووبێتەوە. هەروەها، هەر زوو لە دوای دەرچوونی ئەم زنجیرەیە کۆمەڵێک لە دیزاینەر پاشبنەمای جوان و قەشەنگیان دیزاین کردن بۆ شاردنەوەی ئەم چاڵە تا بەکارهێنەران بتوانن لەسەر گالەکسی ئێس ١٠ـیەکانیان دایبنێن. تەنانەت وێنەی خەندە ئامێزی سەرەنج ڕاکێش بڵاوکرانەوە و بوونە جێی باسی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

خۆشبەختانە چارەسەر و شاردنەوەی ئەم چاڵی کامێرایە لە تەنها وێنەی پاشبنەما قەتیس نەمایەوە، بەڵکو پەرەپێدەرێک بە ناوی IJP ئەپێکی بە ناوی Energy Ring پەرەپێداوە، کە کاری دانانی نیشاندەرێکی بازنەییە بە چواردەوری کامێرای سێڵفی زنجیرەی گالەکسی ئێس ١٠ و دیمەنێکی جوان دەبەخشێت بەم شوێنە.

ئەپەکە ڕێگەت پێدەدات بە ڕێکخستنی ئەو بازنەیەی بە دەوری کامێرای سێڵفیەکەدا هاتووە، بۆ نمونە، ڕەنگ و ئەستوری و ئاراستە و … هتد. تەنانەت دەتوانیت وای لێ بکەیت لەو ئەپ و یاریانەی تەواوی ڕوونما دەگرن خۆکارانە ناچالاک ببێت بۆ ئەوەی دیمەنەکە نەشاز و ناشیرین نەکات.

لە ئێستادا ئەپەکە پشتگیری لە تەواوی زنجیرە مۆبایلی گالەکسی ئێس ١٠، واتە Galaxy S10 و S10e و +S10 و S10 5G دەکات. لە خوارەوە نمونەی زیندوو ببینە:

کرتە لەم وێنەیەی خوارەوە بکە بۆ داگرتنی ئەپەکە لە گووگڵ پلەی:

26 نیسان، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1170