هەواڵ
27, نیسان 2019
لە ئێستادا کاردەکرێت لەسەر یاریەکی نوێی وەرگیراو لە زنجیرە درامای Peaky Blinders

لە ماوەی ڕابردوودا بە فەرمی ڕاگەیەنرا یاریەکی نوێی وەرگیراو لە زنجیرە درامای Peaky Blinders کاری لەسەر دەکرێت و بڕیارە ساڵی داهاتوو ڕابگەیەنرێت بۆ بەکارهێنەرانی چاویلکەی VR، یاریە نوێیەکەش گەشەی پێدەدرێت لە لایەن ستۆدیۆی Maze Theoryـەوە کە ستۆدیۆیەکی نوێیە و لە مانگی 4ـی 2018ـدا دامەزراوە لە لایەن کۆمەڵێک گەشەپێدەری کۆنی PlayStation و Activision.
جێگای ئاماژە پێدانە ستۆدیۆی ناوبراو لە لایەن حکومەتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتگیرییەکی دارایی بە دەست هێناوە هەتاوەکو بتوانێت دەست بە کارکردن بکات لەسەر ئەم یاریە نوێیە، هەروەها بە پێی نوێترین ڕوونکردنەوەکان ئەم یاریە نوێیە بڕیارە هەڵگری کۆمەڵێک پێکهاتەی ڕاستی دەستکرد بێت بە شێوەیەک لە کاتی یاریکردندا وا هەست دەکەیت لە نێو جیهانی زنجیرە درامای Peaky Blindersـدایت.
سەبارەت بە کاتی ڕاگەیاندنی یاریەکە ئەوا بڕیارە لە بەهاری ساڵی 2020ـدا بە فەرمی ڕابگەیەنرێت بۆ سەرجەم بەکارهێنەرانی چاویلکەی ڕاستی دەستکرد لەسەر سەکۆ جیاوازەکان، شایەنی ئاماژە پێدانە ماوەیەک لەمەوپێش یاریەک بە ناوی Peaky Blinders ڕاگەیەنرا و بڕیارە یاریەکەش شێوازی جیهانی کراوە پێشکەش بە یاریکەرانی بکات و بێگومان هەڵگری هەمان وردەکاریەکانی نێو زنجیرە درامای Peaky Blinders دەبێت.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.