10
ڕێنمایی 29, نیسان 2019 بۆچوون

چۆن پارێزگاری لە توانستی پاتری مۆبایلەکانمان بکەین؟

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکان، پاتری مۆبایل بووە بە بەشێکی سەرەکی، لەبەرئەوە زانینی چۆنیەتی بارگاویکردنەوە کلیلی پاراستن و درێژکردنەوەی تەمەنی پاتری مۆبایلەکانمانە. بەم بۆنەیەوە، لەم بابەتەدا کۆمەڵێک ڕێنمایی و ئامۆژگاری دەخەینەڕوو بۆ پاڕێزگاری کردن و درێژکردنەوەی تەمەنی پاتری مۆبایلەکانمان:

١- هەوڵ بدە بارگاویکەرەوەی (شە‌حنکەرەوەی) کۆمپانیای ئامێرەکەت بەکاربهێنیت واتە کەلەسەری ئەسڵی و ڕەسەن، دوور بکەرەوە لەو بارگاویکەرەوە کۆپیانەی کە لە بازاڕەکاندا هەن، چونکە بارگاویکەرەوە ڕاستەوخۆ کاریگەری یەکەمی هەیە لەسەر تەمەنی پارتری مۆبایلەکەت.

٢- شارەزایان پێشنیار دەکەن شەو تا بەیانی مۆبایلەکەت لەسەر بارگاویکردنەوە (شە‌حنکردنەوە) جێ نەهێڵیت، چونکە ئەمە وا دەکات ڕاستەوخۆ دوای ماوەیەک تەمەنی پاتری مۆبایلەکەت کەم بکات و خێرا وزەکەی دێتەخوارەوە. پێیان وایە ئەمە یەکێکە لە هەڵە زۆر باوەکان کە زۆربەمان دووبارەی دەکەینەوە!

٣-هەرگیز مۆبایلەکەت بە ڕێژەی ٪٠ بۆ لە ٪١٠٠ بارگاوی مەکەرەوە، باشترین ڕێژەی بارگاویکردنەوە بە پێی قسەی ئەندازیارانی مۆبایل لە ٪٢٠ بۆ لە ٪١٠٠ـە. واتە بە کورتی لێ مەگەڕێ مۆبایلەکە زۆربەی کات بگاتە ڕێژەی سفر و سەر لە نوێ بارگاوی بکەیتەوە.

٤- هەرگیز مۆبایلەکەت لەو شوێنانە دامەنێ کە گەرمن و پلەی گەرما تێیاندا بەرزە، بۆ نموونە، جێهێشتنی مۆبایل لەناو ئۆتۆمبێڵ لەو کاتەنەی کە پلەکانی گەرما بەرزن بە تایبەت لە وەرزی هاوین، کە ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر پاتری مۆبایلەکەت جێ دەهێڵێت.

٥- هەوڵبدە مۆبایلەکەت لە کاتی بارگاویکردنەوە (شەحنکرنەوە) بەکارمەهێنە، بە تایبەت لە کاتی یاریکردن یان پەیوەندی تەلەفۆنی چونکە ئەمە مەترسی تەقینەوەی پاتری مۆبایلەکەت لەو کاتەدا زیاد دەکات، بۆیە وا باشترە هەر کاتی ڕێژەی وزەی مۆبایلەکانمان گەیشتە لە ٪١٠٠ لە بارگاویکردنەوە دەری بهێنین، ئینجا بەکاری بهێنین.

٦- بوونی ئەپی زۆر لەناو مۆبایلەکەت، هۆکارێکە بۆ زوو دابەزینی ووزەی(شەحنی) مۆبایلەکەت، بۆیە وا باشترە ئەو ئەپانەی کە پێویست نین بیانسڕیتەوە.

٧- وا باشترە جی پی ئێسی مۆبایلەکەت بکوژێنیتەوە لەو کاتانەی کە پێویستیت پێی نییە، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر زووتر دابەزینی ووزەی (شەحنی) مۆبایلەکەت.

٨- لە کاتی بارگاویکردنەوە، هەرگیز مۆبایلەکەت لەسەر هیچ ئامرێکی تری ئەلیکترۆنی دامەنێ، چونکە ئەمە وا دەکات پاتریەکەت زووتر گەرم ببێت.

٩-هەرگیز پاتری مۆبایلەکەت بە کۆمپیوتەر یان پاوەر بانکی کۆپی بارگاوی مەکەرەوە، چونکە هەر مۆبایلێک ڤۆڵتیەی کارەبایی تایبەت بە خۆی هەیە، لە کاتی کەم یان زیاد کردنی ئەو ڤۆڵتیە کارەباییە ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپ لەسەر پاتری مۆبایلەکەت جێ دەهێڵێت.

١٠- داخستی ئەو ئەپانەی کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەڵکردنی مۆبایلەکانمان دەکەونە کار.

تاگەکان Battery How-tp Smartphone tips
بۆچونی تۆ