ئەپ و نەرمەکاڵا

ئەپی ES File Manager لەسەر گووگڵ پلەی نەماوە و لەوانەیە پەیوەندی بە ئابڕوچوونەکەی DO Globalـەوە بێت

بەم دواییانە کۆمپانیای گووگڵ لەسەر گووگڵ پلەی پەرەپێدەری ناسراو بە DO Globalـی بڵۆککرد، ئەمەش دوای ئەم بەدڕەفتاری و ئابڕوچوونە دێت کە پەیوەستە بە قۆرغکاری بەکارهێنەران لە لایەن پەرەپێدەری ناوبراو، کە بەبێ ئاگاداری بەکارهێنەران و لە ناو ئەپەکانی خۆیدا هەستاوە بە کرتە کردن لە ڕیکلامەکانی ناویان، ئەمەش بووە هۆکاری سڕینەوەی ئەپەکان و بڵۆککردنی هەژمارەکەیان لەلایەن گووگڵەوە لەسەر گووگڵ پلەی، کە پێش دەچێت ئەپی ES File Managerـیش بەشێک بێت لەم هەڵمەتەی سڕینەوەیە لە لایەن گووگڵەوە.

ئەپی ناوبراو یەکێکە لە بەربڵاوترین ئەپەکانی بەڕێوەبردنی بوخچە و پەڕگە و فایلەکان و لەلایەن ژمارەیەکی زۆرەوە بەکاردەهێندرێت. ئەپەکەش هەرچەندە لە لایەن DO Global خاوەنداریەتی دەکرێت، بەڵام لە ژێر ناوی ES Globalـە. لە ڕاستیدا ئەمە یەکەم جار نییە ئەم ئەپە بچێتە ژێر ناوی جیاجیاوە، کە بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی بەکارهێنەرانی ئەم ئەپە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ES File Explorer لە چەندین بابەتی تری پەیوەست بە تایبەتمەندی تێوەگلاوە، لەوانە وابەستەکردنی ئەپەکە بە ئەپێکی نەویستراوی ناسراو بە Charging Boot بەڵام دواتر لابرا. لە ئێستاشدا کاتێک دەتەوێت پەڕی ئەپەکە لەسەر گووگڵ پلەی بکەیتەوە دەڵێت ببورە نەتوانرا بەستەرەکە بدۆزرێتەوە لەسەر ئەم ڕاژەکارە. ئەگەریش لە جێگرەوەیەک دەگەڕێیت ئەوا ئەپی Files by Google و Solid Explorer یەکێکن لە باشترین جێگرەوەکان.

 

سەرچاوە :

29 نیسان، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1170