هەواڵ 4, ئایار 2019

کۆمپانیای Activision: ئاشکراکردنی یاری Call of Duty 2019 زۆر نزیک بووەتەوە

وەک ئاشکرایە و هەموومان دەزانین بڕیارە بەشێکی نوێ لە زنجیرەی یاریەکانی Call of Duty ڕابگەیەنرێت لەم ساڵدا بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە ئەوەیە ئەم بەشە نوێیە سەر بە چ زنجیرەیەک دەبێت، لەم بارەوە و بە درێژایی ماوەی ڕابردوو هەواڵە دزەپێکراوەکان و دەنگۆکان ئاماژەیان بەوەکردووە ناونیشانی بەشە نوێیەکە Modern Warfare 4 دەبێت، سەبارەت بە کاتی ڕاگەیاندنی یاریەکە ئەوا لە چەند شەوی ڕابردوودا کۆمپانیای Activision دانیشتنێکی ئەنجامدا و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد ڕاگەیاندنی بەشە نوێیەکە زۆر نزیکە و پێدەچێت لە کۆتایی چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بێت.

هەروەها وەک ڕاهاتووین هەموو ساڵێک بینەری ڕاگەیاندنی بەشێکی نوێ ببین لە یاریەکە لە لایەن کۆمپانیای Activisionـەوە ئەمەش پێش دەستپێکردنی چالاکیەکانی E3 کە لە مانگی شەشی ئەمساڵدا دەبێت بە واتایەکی دیکە پێدەچێت لەم مانگەدا واتە مانگی پێنج یاریەکە بە فەرمی ڕابگەیەنرێت، شایەنی باسە بە پێی چەند سەرچاوەیەکی ناوەوەی کۆمپانیا و ئەو کەسانەی هەستاون بە تاقیکردنەوەی یاریەکە ئەوا دەوترێت شێوازەکەی تاڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی Modern Warfareـە.

هەر لەم بارەیە و بە پێی چەند سەرچاوەیەک ئەوا کۆمپانیای ناوبراو هەستاوە بە بانگهێشتکردنی چەند وەرزشوانێکی تۆپی پێ و ئەستێرەی یاری NFL لە نێوانیشیاندا یاریکەری بەناوبانگ مارکۆس ماریۆتا ئەمەش بۆ تاقیکردنەوەی یاریەکە بێگومان، مارکۆس لەم بارەیەوە و لە یەکێک لە پەخشە ڕاستەوخۆکانی یاری فۆرتنایتدا لە کەناڵی NICKMERCSـدا پرسیارێکی ئاڕاستەکرا لە بارەی ئەوەی کام بەشی زنجیرەی یاریەکانی Call of Duty بەلاوە دڵخوازە.

لە وەڵامیشدا وتی زنجیرەی Modern Warfare و پاشان ئاماژەی بەوەکرد لە ماوەی ڕابردوودا هەلێکی بۆ ڕەخساوە هەتاوەکو بەشی نوێی یاریەکە تاقیبکاتەوە و وتیشی تاڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی Modern Warfareـە و بێگومان خۆشتر و بە چێژتریشە، لە کۆتاییشدا مارکۆس لەم بارەوە زیاتر نەدوا لەبەر هەندێک هۆکاری تایبەت بە خۆی بەڵام بە پێی ڕوونکردنەوەکانی ئەوا Call of Duty 2019 ئەگەرێکی زۆری هەیە کە Modern Warfare 4ـە و بڕیارە گەشەیپێدرێت لە لایەن ستۆدیۆی Infinity Wardـەوە.

بۆچونی تۆ