10
کۆمپیوتەر 4, ئایار 2019 بۆچوون

گەنجێک کەلێنێکی ئاسایش لە کۆمپیوتەرەکانی دێڵ دەدۆزێتەوە + پێویستە چی بکەیت

لێکۆڵەرێکی گەنجی بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی کەلێنێکی ئاسایشی لە نەرمەواڵەیەکی پێشکەشکردنی یارمەتی هونەری کۆمپانیای دێڵ ئاشکراکردووە، کە لەسەر کۆمپیوتەرەکانی کۆمپانیای ناوبراو جێگیرکراوە، و ئەم کەلێنە ڕێگەخۆشکەرە بۆ هاکەران بتوانن زیانەواڵە لەسەر سیستەم دابەزێنن و وا نیشانی بەکارهێنەری بدەن کە ئەمە نوێکردنەوەی سیستەمە یان پێناسی پارچەکانی کۆمپیوتەرەکەیە.

Bill Demirkapi، کە لێکۆڵەرێکی ئاسایشی تەمەن ١٧ ساڵانە، توانیویەتی ئەم کەلێنە ئاشکرا بکات کە لە مانگی ١٠ی ساڵی پارەوە بوونی هەیە و لە نەرمەواڵەی SupportAssist کۆمپانیای دێڵ خۆیان بوونی هەیە.

نەرمەواڵەی ناوبراو دەسەڵاتی بەڕێوەبەر واتە Adminـی هەیە کە ڕێگە دەدات بە جێگیرکردنی نوێکارییەکانی ویندۆز ١٠ لە دوای داگیرانیان، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەم نەرمەواڵەیە بە دەست کەلێنێکی ئاسایش دەناڵێنێت کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ هاکەران بتوانن ئەپدەیت بەڕێبکەن بە بوونی زیانەواڵە واتە نەرمەواڵە و بەرنامەی کۆمپیوتەری زیانبەخشەوە و لەسەر کۆمپیوتەری توشبوو و نێچیر دابگیرێت و کۆمپیوتەرەکەش وەکو نوێکردنەوەی ئاسایی هەژماری بکات.

خۆشبەختانە ئەم کەلێنە تەنها لەسەر تۆڕی ناوخۆیی سودی لێ وەردەگیرێت، ئەمەش واتای ئەوەیە هاکەرەکە پێویستە لەسەر هەمان هێڵی ئەو کۆمپیوتەرە بێت کە توشی ئەم کێشەیە بووە، بەڵام ئەم کردارە دەرگا واڵا دەکات لەبەردەم هاکەران تا لە شوێنە گشتییەکان سود لە تۆڕی گشتی، بۆ نمونە، قاوەخانە و فڕۆکەخانەکان وەرگرن و بتوانن بچنە ناو کۆمپیوتەری بەکارهێنەرانەوە.

ئەگەر کۆمپیوتەرێکی دێڵت هەیە و نەرمەواڵەی ناوبراوی لەسەرە، ئەوا پێویستە بەرزی بکەیتەوە بۆ وەشانی v3.2.0.90 یان بەرزتر، یان ئەوەتا بە تەواوی نەرمەواڵەکە بسڕیتەوە.

سەرچاوە :
تاگەکان Dell SupportAssist
بۆچونی تۆ