ئەپ و نەرمەکاڵا

ئەپی Wazaker بۆ ناردنی ئایەتی جیاجیا لە قورئانی پیرۆزەوە بە شێوەی ڕۆژانە

ئەپ گەلێکی زۆری ئاینی لەسەر ئەپستۆر و گووگڵ پلەی بەردەستن، کە لە ڕێگەیانەوە بە شێوەی جۆراو جۆر دەتوانن سودیان لێ وەربگرن. یەکێک لەو ئەپانە ئەپی (وذکر)ـە بۆ ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس کە بەخۆڕایی بەردەستە. بێگومان بیرۆکەی ئەم ئەپەش لەوەوە دروست بووە کە زۆربەمان لە ئێستادا کاتەکانمان لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان بەسەر دەبەین و بوون بە بەشێک لە ژیانمان، ئەم ئەپەش لەم ڕووانگەیەوە پەرەی پێدراو، کە ڕۆژانە بەکارهێنەر ئاگاداردەکاتەوە بە ناردنی ئایەتی قورئانی بۆی و زیاتریش لەوە.

بێگومان ئەم ئاگاهییەش کە ئەم ئەپە بۆتی ڕەوانە دەکات ئایەتێکی قورئانە یان هەر شتێکی تری پەیوەندیدارە بە ئاینی ئیسلامەوە تا سەبارەت بە شتێک لە شتەکان بیرت بخاتەوە. دوای ئەوەی ئایەتەکەت پێ دەگات دەتوانیت وەکو دەق یان وێنە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوبەشی پێ بکەیت، ئەمە جگە لەوەی دەتوانیت تەفسیری ئایەتەکە و هەروەها بە دەنگی ٢٠ قورئان خوێن گوێ لە ئایەتەکە بگریت. هەروەک دەتوانیت گەڕان بکەیت لەناو قورئانی پیرۆزدا بە ئینگلیزی و بە عەرەبی.

بەم بۆنەیەوە پەرەپێدەرانی ئەم ئەپە پێوەکراوەیەکیان بۆ کڕۆمیش پەرەپێداوە بە ناوی Quran Tab، کە هەندێک تایبەتمەندی تری زیادەی وەکو کاتەکانی بانگ و کەشوهەوا و ڕێکەوتی کۆچی و چەند شتێکی تری هەیە.

دەتوانن ئەپی وذکر لەم بەستەرەوە بۆ ئەندرۆید و لەم بەستەرەوەش بۆ ئای ئۆ ئێس دابگرن.

11 ئایار، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1169