مۆبایل و تابلێت

بە فەرمی مۆبایلی وەنپڵەس 7 و 7 پڕۆ نمایشکران

دوا بە دوای دیاریکردنی 14ـی 5 واتە ئەمڕۆ وەکو ڕۆژی نمایشکردنی فەرمی وەنپڵەس 7، و هەروەها زنجیرەیەک لە دزەپێکردن، ئەمڕۆ بە فەرمی هەریەکە لە مۆبایلەکانی وەنپڵەس 7 و 7 پڕۆ و  7 پڕۆ 5G نمایشکران. لە ڕاستیدا وەنپڵەس لە دوو شوێنی جیاوازەوە نمایشی دەکرد کە شاری لەندەنی پایتەختی بەڕیتانیا و شاری نیۆرکی ئەمەریکا بوون. ئەوەی لە شاری لەندەن بوو تایبەت بوو بە ڕاگەیاندنی وەنپڵەس 7 و ئەوەیشی لە شاری نیۆرک بوو تایبەت بوو بە نمایشکردنی وەنپڵەس 7 پڕۆ.

کەی ئای تی ئێن وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆی لەسەر پەڕی فەیسبووک ڕووماڵی کۆنگرەکەی لە چرکە ساتی یەکەمەوە تا کۆتایی کرد. لە کۆنگرەکەدا چەند بەرهەمێک نمایشکران. لە ناویاندا وەنپڵەس 7 و 7 پڕۆ بوون. ئەم هەواڵەش تایبەتە بەم دووانە. بفەرموون لە خوارەوە خوێنەربن.

ئەوەی زۆر جەختی لێ کرایەوە وەنپڵەس 7 پڕۆ بوو. وەنپڵەس 7 پڕۆ خاوەنی ڕوونمایەکی نایابە لە جۆری فلوید ئەمۆلێد بە ئاستی نوێبوونەوەی واتە ڕێفرێش ڕەیتی ٩٠ هێرتز. هەروەک ڕوونماکەی لە سوچ بۆ سوچە و کەمترین لێواری هەیە بە بەراورد بە مۆبایلەکانی تر.

وەنپڵەس 7 پڕۆ هیچ نۆچێکی نییە و کامێرای سێلفی لە جۆری جوڵاوە واتە لە بەشی سەرەوەی دەردەپەڕێت لە کاتی وێنەگرتنی سێلفیدا. کامێرایەکی نایابی سێ دانەیی لەسەر پشتەوەی هەیە کە توانای 3 جار نزیک کردنەوەی هەیە و پشتگیری وێنەی گۆشە فراوان دەکات.

 

گرنگترین تایبەتمەندیەکانی وەنپڵەس 7 پڕۆ

  • ڕوونما: لە جۆری Fluid AMOLED و بە قەبارەی 6.67 ئینج و بە ڕوونی +QuadHD
  • پڕۆسێسەر: Qualcomm Snapdragon 855
  • سیستمی وەگەڕخەر: ئەندرۆید 9 پای بە ڕووکاری ئۆکسجین ئۆ ئێس 9.5
  • کامێرای پێشەوە: 16 مێگاپێکسڵ
  • کامێرای پشتەوە:  3 کامێرا بە ڕوونی 48+8+16 مێگاپێکسڵ
  • بیرگە: 128 و 256 گێگابایت
  • ڕامی: 6 و 8 و 12 گێگابایت
  • توانستی پاتری: 4000 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی خێرا دەکات لە جۆری Dash Charge و بە خێرایی 30 وات
  • پاراستن: هەستەوەری پەنجەمۆر لە بەشی پێشەوەی جێگیرکراوە و بە ٠.٢١ ملی چرکە مۆبایلەکە دەکاتەوە
  • نرخ: 649 پاوەند بۆ جۆری 6 گێگا ڕام و 128 گێگابایت بیرگە –  699 پاوەند بۆ جۆری 8 گێگا ڕام و 256 گێگابایت بیرگە – 799 پاوەند بۆ جۆری 12 گێگا ڕام و 256 گێگابایت بیرگە
  • بەرواری بەردەستبوون: 21ـی 5ـی 2019

چەند وێنەیەکی وەنپڵەس 7 پڕۆ

وەنپڵەس 7 پڕۆ تاکە مۆبایل نەبوو ئەمڕۆ وەنپڵەس نمایشی کرد، بەڵکو جۆرێکی تری سادە بە ناو ی وەنپڵەس 7 نمایشکرد بە دیزاین و تایبەتمەندی جیاوازە. هەروەکو چاوەڕێ دەکرا نرخی گونجاوە و خاوەنی نۆچێکی جۆری دۆتە و جوان و قەشەنگە.

لە ڕاستیدا لە زۆر ڕووەوە وەنپڵەس 7 هاوشێوەی وەنپڵەس 6 تییە. ڕوونمایەکی 6.41 ئینجی جۆری ئۆپتیک ئەمۆلێدی هەیە بە ڕوونی 1080 پێکسڵ و بوونی نۆچێک لە بەشی سەرەوەی کە کامێرای تێدا جێگیرکراوە. خاوەنی بەنجەمۆری ژێر ڕوونمایە. هەروەک پاتری 3700 ملی ئەمپێرە. لە بەشی پشتەوەی کامێرایەکی دوانی هەیە.

ئەوەی نوێ بوو لە ڕووی ڕەقەواڵەوە بریتی بوو لە پڕۆسێسەری کواڵکۆم سناپ دراگۆن ٨٥٥، کە بەهێزترینە لە ئێستادا لە بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکاندا. بژاردەی ڕامی 6 و 8 گێگا بەردەستە لەگەڵ بوونی بژاردەی 128 و 256 گێگابایت. هەروەک شایەنی باسە بیرگەکەی لە جۆری UFS3.0ـە و یەکەم مۆبایلە ئەم تەکنەلۆژیا خێرایە لە جۆری بیرگە بەکاربهێنێت. خۆشبەختانە مۆبایلەکە خاوەنی بڵندگۆی ستێریۆیە لەگەڵ دۆڵبی ئەتۆمس. هەروەک مۆبایلەکە ئۆکسجین ئۆ ئێس 9.5ـی پشت بەستوو بە ئەندرۆید 9 پای لەسەرە کە خاوەنی جوڵەکانی سەر ڕوونما و دۆخی یاریکردنە. هەروەک بوونی دۆخی Zen بۆ بەکارهێنانێکی تەندروستتری مۆبایل.

گرنگترین تایبەتمەندیەکانی وەنپڵەس 7:-

  • ڕوونما: لە جۆری  و بە قەبارەی 6.41 ئینج لە جۆری ئۆپتیک ئەمۆلێد
  • پڕۆسێسەر: Qualcomm Snapdragon 855
  • سیستمی وەگەڕخەر: ئەندرۆید 9 پای بە ڕووکاری ئۆکسجین ئۆ ئێس 9.5
  • کامێرای پێشەوە: 16 مێگاپێکسڵ
  • کامێرای پشتەوە:  دووانە کامێرا بە ڕوونی 48+5 مێگاپێکسڵ
  • بیرگە: 128 و 256 گێگابایت
  • ڕام: 6 و 8 گێگابایت
  • توانستی پاتری: 3700 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی خێرا دەکات بە خێرایی 20 وات
  • پاراستن: هەستەوەری پەنجەمۆر لە بەشی پێشەوەی جێگیرکراوە
  • نرخ: 499 پاوەند بۆ جۆری 6 گێگابایت ڕام و 128 گێگابایت بیرگە – 549 پاوەند بۆ جۆری 8 گێگابایت ڕام و 256 بیرگەی ناوخۆیی
  • بەرواری بەردەستبوون: لە مانگی 6 بەردەست دەبێت

14 ئایار، 2019
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1167