ئینتەرنێت
15, ئایار 2019
نرخی دراوی ئەلکترۆنی بیتکۆین بە ڕێژەیەکی زۆر بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی و 8000$ ـی تێپەڕکرد

دراوی ئەلکترۆنی بیتکۆین گەڕایەوە بۆ هەڵکشانە زۆرەکەی نرخەکەی و تۆمارکردنی ژمارەی نایاب. لە دوای 10 مانگ، بەرزترین نرخی خۆی تۆمارکرد و نرخی 8000$ ـی تێپەڕکرد.
بە نزیکەیی مانگێک پێش ئێستا دراوە ئەلکترۆنییەکە دەستی بە بەرزبوونەوە کرد و نرخی گەیشتە 5600$. بەمەش بە ڕێژەیەکی زۆر نزیکبۆتەوە لەو بەرزبوونەوەی کە لە مانگی 7 ـی ساڵی ڕابردوودا تۆماری کرد. ئێستا دراوەکە نرخی 8000$ ـی تێپەڕاندووە.
هەرچەندە نرخی ئێستای دراوەکە نەگەیشتۆتەوە بەو تۆمارەی کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2017 ـەدا تۆماری کردبوو، ئەویش گەیشتن بوو بە نزیکەی 20000$.
لە ئێستادا نرخی دراوە ئەلکترۆنییەکە بە بەردەوام لە هەڵکشاندایە، بە شێوەیەک نرخی دراوەکە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا بە ڕێژەی 17,4% و نزیکەی 1214$ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە. پێشبینی دەکرێت هەڵکشانی نرخی دراوە ئەلکترۆنییەکە تاوەکو ماوەیەکی زۆر درێژە بخایەنێت.
ماکوان بەرزان
نووسەر و بەڕێوەبەری نووسین لە کەی ئای تی ئێن. گەشەپێدەری iOS، هەواداری و خوێندکاری پەیمانگەی زانستی کۆمپیوتەر.