10
گەرمترین 24, ئایار 2019 بۆچوون

کۆمپانیای SpaceX بە سەرکەوتوویی 60 مانگی دەستکردی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 5:30 بە کاتی هەولێر، کۆمپانیای SpaceX ـی ئەمریکی 60 مانگی دەستکردنی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد، وەکو بەشێک لە پڕۆژەی Starlink بۆ دابینکردنی ئینتەرنێت. یەکەمین ڕەوانەکردنی مانگی دەستکردی تایبەت بە پڕۆژەکە، لە ساڵی 2018 ـەدا ئەنجام درا، ئەویش بە ناردنی 1 مانگی دەستکرد.

ڕەوانەکردنی مانگە دەستکردەکان لە ڕێگای مووشەکی جۆری Falcon 9 بوو لە ناوچەی Cape Canaveral ـی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا. ئەمە سێیەم هەوڵدانی کۆمپانیاکە بوو بۆ ڕەوانەکردنی مانگە دەستکردەکان، لە کاتێکدا کە لە ڕێکەوتی 15 ـی ئەم مانگەدا بڕیار بوو مانگە دەستکردەکان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکرێن، بەڵام نالەباری کەشوهەوا و هەبوونی ڕەشەبا دوو جار هەوڵی ڕەوانەکردنی مانگە دەستکردەکانی شکست پێ هێنا.

ساتەوەختی هەڵدانی مووشەکەکە:

مانگە دەستکردەکان تایبەتن بە پڕۆژەی Starlink، پڕۆژەکە لە ساڵی 2015 ـەوە هاتە بوون و مەبەست لێی دابینکردنی هێڵی ئینتەرنێتی خێرا و نرخ هەرزانە بۆ گشت دانیشتوانی گۆی زەوی بە بێ جیاوازی. ئەوەتا کۆمپانیاکە دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرد. کێشی هەریەکە لە مانگە دەستکردەکان 227 کیلۆ گرامن و بە بەرزی 550 کیلۆمەتر ڕەوانەکراون. کۆمپانیاکە دەڵێت لە تێپەڕبوونی کاتژمێرێک بەسەر ڕەوانەکردنی مووشەکەکە، دەستیان گەیشتووە بە مانگە دەستکردەکان و سەرهێڵ بوون.

هەروەک ئیڵۆن مەسک بەڕێوەبەری کۆمپانیای SpaceX دەڵێت؛ پڕۆژەکە بەپەلە کارا ناکرێت، 400 مانگی دەستکرد پەخشی ئینتەرنێت بە شێوەیەکی مەودا کەم دەکەن، هەروەها 800 مانگی دەستکردی دیکە ئینتەرنێت بە شێوەی مەودا مامناوەند پەخش دەکەن.

وا بڕیارە پڕۆژەکە لە ساڵی داهاتوودا بۆ بەشێکی دانیشتوانی زەوی کارا بکرێت. هەروەها کۆمپانیاکە خوازیارە تاوەکو ساڵی داهاتوو بتوانێت 1,000 دانە لە مانگە دەستکردەکان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات، کۆمپانیاکە تاوەکو ساڵی 2027 پێویستە 12,000 مانگی دەستکرد ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات تاوەکو بتوانێت پڕۆژەکە بێ کەم و کورتی بۆ دانیشتوانی زەوی بەردەست بکەن.

تاوەکو ئێستا نرخی بژاردەکانی مانگانەی ئینتەرنێتەکەی کۆمپانیای SpaceX ـمان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام هەر وەک ئاماژەی پێ کراوە، نرخیان زۆر کەم دەبن.

هەرچەندە پڕۆژەکە لە ڕووی ئاڵۆزی بەرگە هەوای گۆی زەوییەوە بێبەش نییە لە زیان گەیاندن، بەڵام بە پێی وتەی ئیڵۆن مەسک بێت، پڕۆژەکە سوودی هەیە بۆ کۆمپانیاکانی پەیوەندی بۆ دابینکردنی نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بۆیان.

کۆمپانیای SpaceX یەکەمین کۆمپانیا نییە کە هەوڵی دابینکردنی ئینتەرنێتی لەو شێوەیە دەدات، پێشووتر هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی OneWeb و Telesat و Amazon هەمان ئامانجیان هەبوو.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ