ئامێرە هەمەجۆرەکان

ئاشکرابوو کە مایکرۆسۆفت جۆرێکی تایبەت لە Xbox One S بۆ هەوادارانی یاری Fortnite بەردەست دەکات

چەند وێنەیەکی دزەپێکراوی سەکۆی Xbox One S لە پێگەکان بڵاوکرایەوە کە خاوەن ڕەنگێکی جیاوازە و تایبەتە بە یاری Fortnite.

پێگەی WinFuture لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات کە مایکرۆسۆفت لە چەند هەفتەیەکی داهاتوودا و بە دیاری نەکراوی جۆرێکی تایبەت لە سەکۆی Xbox One S بۆ هەوادارانی یاری Fortnite بەردەست دەکات. جۆرە تایبەتەکە لە ڕەنگی پەمەیی تۆخ دەبێت، لەسەر پاکێجەکەی ناو و وێنەی تایبەت بە یاری Fortnite بوونی دەبێت. هەروەها دوگمەکانی کۆنتڕۆڵەکەشی لە ڕەنگی پەمەیی دەبێت.

جۆرە تایبەتەکەی Xbox One S خاوەن بیرگەیەک دەبێت بە قەبارەی 1 تێرابایت و لێخوڕێکی جۆری Blu-ray. بەرگی Dark Vertex ـی یاری Fortnite و مانگێک بەژداری کردنی بە خۆڕایی لە هەریەکە لە خزمەتگوزارییەکانی Xbox Live Gold و EA Access و Xbox Game Pass لەگەڵ جۆرە تایبەتەکەی Xbox One S ـدا بوونی دەبێت. ئاشکرا کراوە کە نرخی 299$ دەبێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە ڕێکەوتی بەردەستکردنی نەکراوە، تەنها هێندە نەبێت کە گوتراوە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەردەست دەکرێت. لە بیریشمان نەچێت، لە مانگی داهاتوودا کۆنگرەی E3 دەست پێدەکات، ڕەنگە مایکرۆسۆفت جۆرە تایبەتەکەی سەکۆکە لە ئەو کۆنگرەیەدا ڕابگەیەنێت.

ئەمە یەکەمین جار نییە کە مایکرۆسۆفت جۆرێکی تایبەت لە سەکۆی Xbox One S بۆ یارییەک بەردەست دەکات، پێشووتر کۆمپانیاکە جۆرێکی تایبەتی لە سەکۆی Xbox One S بۆ یاری Minecraft ـیش بەردەست کردبوو.

سەرچاوە :
26 ئایار، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
828