هەواڵ
28, ئایار 2019
بەم زووانە نەخشەیەکی نوێ و خۆڕایی ڕادەگەیەنرێت بۆ یاری Battlefield V

ڕۆژی ڕابردوو ستۆدیۆی DICE بە فەرمی نەخشەیەکی نوێی ڕاگەیاند کە بەردەست دەکرێت لە یاری Battlefield Vـدا. نەخشەکە ناوی Mercuryـە و لە بەرواری 30/5/2019ـدا بەردەست دەکرێت بە خۆڕایی.
لە بارەی نەخشەکەوە ئەوا Mercury لە کەنار دەریای Creteـی یۆنانی دەبێت و جگە لەوەش ئەم نەخشەیە وەرگیراوە لە ڕووداوە ڕاستەقینەکانی جەنگی جیهانی دووەم کە لە ژێر ناوی Operation Mercuryـدایە، لەم جەنگەشدا سوپای بەریتانی هەوڵ دەدات پارێزگاری لە شوێنەکەی بکات.
لە هەمان کاتیشدا سوپای نازیە ئەڵمانییەکان هەوڵی لەناوبردن و داگیرکردنی ناوچەکە دەدەن، تۆش لەم نێوەندەدا دەجەنگیت لەگەڵ یەکێک لەم دوو سوپایەدا و پێویستە لەسەرت هەوڵی لەناوبردنی گروپی بەرامبەرت بدەیت.
نەخشەی Mercury بەشێکە لە Chapter 3 Trail By Fireـی یاری Battlefield V، نەخشەکە بەردەست دەبێت بە خۆڕایی بۆ بەکارهێنەرانی کۆمپیوتەر و هەردوو سەکۆی پلەیستەیشن 4 و ئێکس بۆکس وەن لە بەرواری 30/5/2019ـدا.
بینەری ڤیدیۆی ڕاگەیاندنی نەخشەی Mercuryـی نێو یاری Battlefield V بن:-
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.