پزیشک و سەلامەتی 1, تشرینی یه‌كه‌م 2019

بواری پزیشكی و ئاستی لەشساغی بەبێ تەکنەلۆژیا

بهێنە پێش چاوت ناتوانی بخوێنیتەوە! خوێندنەوە و لێزانینەکان بە قورسی فێریان دەبین، بەڵام کاتێکیش فێریان بووین بۆمان قورس دەبێت بیر بکەینەوە پێش خوێندەواری چۆن دەبووین؟ ئەم بیرکردنەوانە زۆر باون بە تایبەت لەو بابەتانەی کە تەکنەلۆژیا گۆڕانکاری زۆر گەورەی بەسەردا هێناون.

ئەگەر تەکنەلۆژیا لە بواری پزیشکیدا بەکار نەهێنرایە، پێگەی ئێستای لەشساغی و پزیشکی چۆن دەبوو؟ سادەترین نموونە، تیشكی X-Ray و MRIs نەبوونایە! نەدەتوانرا وێنەی شکاو و درزی ئێسکەکان یان ناوەوەی لەشی مرۆڤ ببینرێت و شیکار بۆ نەخۆشییەکانی بکرێت. بیرکردنەوە لەوەی تەکنەلۆژیا چەندێک یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی پێگەی پزیشكی بەهێز بکات، بەراورد بە ئێستا و ڕابردوو 2 جیهانی جیاوازن، قورسە ئەگەر بیر بکەینەوە چەندێک جیاواز دەبوون، لەشساغی مرۆڤایەتی بە تەواوی لاواز دەبوو.

Image result for Medical imaging

  • پزیشکانی دیجیتاڵی داهاتووی بواری پزیشکین!

ئامێرە تەکنەلۆژییەکان لە نەخۆشخانەکاندا زۆرن، زۆرێکیشیان ئەوانەن کە شێرپەنجە دەستنیشان دەکەن. یەکێک لەوانە ئامێری “MelaFind optical” ـە کە ئامێرێکی تایبەتمەندە بە ئاشکراکردنی شێرپەنجەی مێلانۆما، شێرپەنجەیەکی ترسناکی پێستی مرۆڤە، بە هۆکاری ئامێرە تایبەتەکەیەوە دەناسرێت و چارەسەر دەکرێت. ئامێری CT ئامێرێکی سەرەکییە بە هۆی تیشکی X ـەوە بۆ ئاشکراکردنی شێرپەنجە، کە ئامێرێکی وێناکردن (اشیعە) ـە بە شێوەی وێنە ئامانجەکە بەدیار دەخات. هتد… کە بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین چارەسەری شێرپەنجە، تەکنەلۆژیایە.

  • چارەسەری پزیشکی بە بێ تەکنەلۆژیا ژمارەی مردنی دەکردە چەند؟

بە هۆی ئەوەی نەخۆشییەکان بە تەکنەلۆژیا چارەسەر دەبن، لەوانەیە بڵێیت پێش تەکنەلۆژیا مرۆڤەکان چۆن چارەسەریان وەرگرتووە، ئەو نەخۆشیە ترسناکانەی کە چارەسەرکردنیان لە دەست پزیشکەکان دەرچووە بێ تەکنەلۆژیا گیانیان لە دەستداوە و ژمارەکانیش خەیاڵین. بێگوومان بە تەواوی نازانین ژمارەی مردنەکان چەند دەبوون، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەهۆی نەخۆشییە درمەکان(گوازراوەکان) یان تاعون، ژمارەی مردنەکان بەهۆی ئەم نەخۆشییانەوە سەدان ملیۆن زیاتر دەبوو. تەنها لە یەکەم بڵاوبوونەوەی تاعوون لە سەدەی 14 ژمارەی قوربانیان 30% بۆ 60% ـی دانیشتوانی هەموو ئەوروپا بوون کە دەکاتە نزیکەی 200 ملیۆن قوربانی.

دوایین پەرەسەندنی تاعوون لە سەدەی ڕابردوو بوو، کە قوربانییەکانی ئەمیش گەیشتە 12 ملیۆن کە 10ـیان تەنها لە هیندستان بوون. ئەگەر تا ئێستاش چارەسەری سەردەمییانە بە تەکنەلۆژیا نەبووایە، تەنها بە هۆی ئەم نەخۆشییەوە پێشبینی گیانلەدەستدانی 1.5 ملیار مرۆڤمان دەکرد.

  • چی دەربارەی نەخۆشی ئیبۆلا؟

بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلا لەم دواییەدا لە ئەفریقا بووە هۆی گیانلەدەستدانی 11,000 کەس، بەبێ چارەسەری سەردەمییانە، بە سادەیی ژمارەی قوربانیان تەنها بەم نەخۆشییە زیاتر دەبوو لە 1 ملیار کەس.

بەم هۆکارانە، بۆمان بەدیار دەکەوێت ژمارەی دانیشتووان بە هۆی تەکنەلۆژیاوە ڕووی لە زیادبوون کردووە، کە لە سەدەی ڕابردووەوە ژمارەی دانیشتوان سەدان ملیۆن زیادی کردووە.

جگە لەوەی دەیان ئامێری ئاسانکەر و تایبەت بە نەخۆشی هەن، تا ئێستاش تەکنەلۆژیا لە خزمەتی مرۆڤایەتی و پزیشکیدایە… داهاتووی لەشساغی پەیوەستە بە داهاتووی پزیشکە سەردەمییەکانەوە. ئێستاش چەندین تەکنەلۆژیا و ئامێری زیرەک هەن، کە داهاتووی لەشساغی دەخەنە دەستی پزیشکانی سەردەمییەوە!

چەند تەکنەلۆژیای پزیشکی نوێی ئەمساڵ و داهاتوو

هەناسەپێدەری زیرەک

ئامێری هەناسەوەرگرتن چارەسەری سەرەکی هەناسەتەنگین، ئەگەر بە شێوەیەکی باش بەکاربهێنرێت کاریگەری 90% باشتر بۆ نەخۆش دروست دەکات، بەڵام لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە 94% نەخۆشان بەشێوەیەکی گونجاو ئامێری هەناسە وەرگرتن بەکار ناهێنن.

بۆ یارمەتیدانی نەخۆشانی هەناسەتەنگی، ئامێری زیرەکی هەناسە تەنگی بە یارمەتی بلوتوز گەشەپێدراوە، کە ئامێرێکی بچووکە دەبەسترێت بە ئامێری هەناسەوەرگرتنەوە. زانیاری و کات و بەرواری هەر پێدانی دەرمانێک تۆمار ئەکات و لە ڕێگەی ئاگادارکردنەوەوە بۆ مۆبایلی نەخۆش دەنێردرێت، ئەمەش بۆ زیاتر کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە لەلایەن نەخۆشەوە.

نەشتەرگەری ڕۆبۆتیک

نەشتەرگەری بە یارمەتی ڕۆبۆت لەم دواییەدا وردە وردە بەکارهێنراوە. نەشتەرگەری بە یارمەتی ڕۆبۆت یارمەتی سەرنجدانی وردتر و بە ڕێکی کار لەسەر ئامانجەکەی خۆی دەکات. نەشتەرگەر لە ڕێگەی ڕۆبۆتەوە دەتوانێت سەرنج بداتە سەر کێشە وردەکان و کرداری زۆر هەستیار ئەنجام بدات، کە ئەگەر لە ڕێگەی ڕۆبۆتەوە نەکرێت ئەستەم دەبێت.  لەگەڵ بەکارهێنانی ئەم ڕۆبۆتانە لەگەڵ تەکنەلۆژیای ڕاستی خەیاڵی AR، نەشتەرگەر زانیاری گرنگ لەبارەی گۆڕانکاری و باری نەخۆش لە هەر کاتێکدا بێت دەتوانێت وەربگرێت.

بە شێوەیەک یارمەتیدەرە کە لەوانەیە ساڵانێکی تر جێی نەشتەرگەری مرۆڤ بگرێتەوە کە لە ئێستادا بۆ یارمەتیدانی پزیشکان بەردەستە.

هەستەوەری بێوایەری مێشک

زانایان و پزیشکان بە گرووپ توانیویانە پارچە پلاستکی ئەلیکترۆنی کە بە bioresorbable ناو دەبرێت، گەشە پێبدەن و بتوانن لە مێشکدا جێگیری بکەن، وە پاشان بتوێتەوە کاتێک پێویستیان پێی نەبێت. بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی Plasticstoday.com، ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت یارمەتی پزیشکەکان بدات لە زانیاری وەرگرتن دەربارەی پلەی گەرمی و پەستان لەسەر مێشکی مرۆڤ. بەهۆی تایبەتمەندییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایەوە چیتر پێویست ناکات هەندێک نەشتەرگەری بکرێت.

نەخشاندنی سێ-دووری 3D

لەوانەیە تا ئێستا تەکنەلۆژیای سێ دووریت لە پزیشکیدا نەبیستبێت بەڵام ئەم تەکنەلۆژیایە یەکێک بووە لە چارەسەرە باوەکان بۆ چاندن و جومگەکانی لەش لە کاتی نەشتەرگەریدا، جگە لەوەی یارمەتیدەرێکی یەکجار باشە بۆ گەشەپێدانی حەب و دەرمانەکان کە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ دەرمانخانەکان دەکات.

دەستبەندە تەندروستیەکان

ئەم دەستبەندانە ساڵانێکی زۆرە بەکاردەهێنران لە ڕێگەی بلوتوزەوە، بەڵام ئێستا هەموو کەسێک لە ڕێگەی مۆبایلەکەی یان کاتژمێرەکەی دەتوانێت هەنگاوەکان و ترپەی دڵ و وەرزشی خۆی تۆمار بکات. کاتژمێری ئەپڵ Series 4 هەستەوەری ECGـی لە خۆ دەگرێت کە دەتوانێت چالاکی دڵ بزانێت و ئەم هەستەوەرەش یارمەتیدەرە بۆ دەرخستنی مەترسییەکانی.

ئەندامی Artificial 

ئامێرێکە کە دەتوانێت جێی ئەندامە سروشتییەکانی مرۆڤ بگرێتەوە. زاناکان سەرکەوتووبوون لەوەی سوڕی خوێن لە ڕێگەی ئامێرێکەوە بەردەوامی پێبدەن کە مامەڵە لەگەڵ خوێنبەر و خوێنهێنەری مرۆڤ دەکات، ئەم تەکنەلۆژیایەش دەکرێت شۆڕشێک بێت و داهاتوو ژیانی ملیۆنان کەس ڕزگار بکات!

تەکنەلۆژیا و زانستی CRISPR

تەکنەلۆژیایەکە ڕێگە بە لێکۆڵەرەوان دەدات جیناتی مرۆڤ بگۆڕن، بەمەش دەتوانن فەرمان و کاری DNA دەستکاری بکەن. بە گۆڕینی جینات دەتوانرێت بەرەنگاری هەندێک لە کێشە و نەخۆشیە گەورەکانی وەک شێرپەنجە و HIV ببینەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ