ئەپ و نەرمەکاڵا

تویتەر ئەپی فەرمی خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆگای ئەپ ستۆری ئامێرەکانی ماک

لە سەرەتاکانی ساڵی ڕابردوودا و لە دوای نوێکردنەوە پچڕ پچڕەکانی، کۆمپانیای تویتەر ئەپی فەرمی خۆی لە کۆگای ئەپ ستۆری ئامێرەکانی ماک سڕییەوە. بەڵام کۆمپانیاکە بڕیاری دا لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا ئەپی تویتەر بە نوێکردنەوەی بەردەوامەوە بگەڕێنێتەوە بۆ کۆگای ئەپ ستۆری ئامێرەکانی ماک.

لە کۆنگرەی WWDC 19 ـی سەرەتاکانی ئەم مانگەی ئەپڵدا ئەپی تویتەر بەشێک بوو لە ڕاگەیەندراوەکان لەگەڵ وەشانی نوێی macOS 10.15 ـدا. بەڵام تویتەر لە جریوەیەکدا ڕاگەیاندنی ئەپەکەی بۆ ئامێرەکانی ماک دووپاتکردەوە. تویتەر دەڵێت، هۆکاری گەڕانەوەی ئەپەکەیان بۆ کۆگاکە بە هۆی پڕۆژەی نوێی Catalyst ـەوە بوو کە ئەپڵ لە ماوەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی WWDC 19 ـدا ڕایگەیاند.

پڕۆژەی Catalyst یارمەتیدەرە بۆ درووستکردنی ئەپ بۆ سیستەمی macOS لە ڕێگای دەرچەکردنی ئەپی دیاریکراو لە ئایپاددا بە بەکارهێنانی کەمترین کۆد. تویتەر ئاماژەشی بەوە داوە کە ئەپە نوێیەکەیان بۆ ماک خاوەن سەرجەم ئەو تایبەتمەندییانە دەبێت کە ئەپەکە لە مۆبایل و ئایپاددا هەیەتی، گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەپەکە بریتی دەبن لە؛ دۆخی تاریک، قەدبڕەکانی تەختەکلیل، بەکارهێنانی چەند ئەپێک لە یەک کاتدا، ئاگادارکەرەوەکان و زیاتر.

ئەپی تویتەر لە کۆتایی ئەمساڵدا لە کۆگای ئەپ ستۆری ئامێرەکانی ماکدا بەردەست دەکرێت و پشتگیری وەشانی macOS Catalina 10.15 و نوێتر دەکات.

سەرچاوە :
16 حوزه‌یران، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
947