شاومی

شاومی کۆتایی بە ڕەوانەکردنی وەشانە تاقیکارییەکانی ڕووکاری MIUI دەهێنێت

لە ساڵی 2010 ـەوە کۆمپانیای شاومی بەردەوامە لە پەرەپێدانی ڕووکاری تایبەت بە خۆی بە ناوی MIUI. لەو ماوەیەدا ڕووکارەکەی بە شێوەی تاقیکاری داخراو و تاقیکاری گشتی بۆ ئەو کەسانە بەردەست کردووە کە خوازیار بوون وەشانە نوێیەکانی ڕووکارەکە لە پێش بڵاوکردنەوەیان بە شێوەیەکی گشتی تاقی بکەنەوە. بەڵام وا دیارە شاومی چیدیکە بەردەوام نابێت لە ڕەوانەکردنی وەشانە تاقیکارییەکانی ڕووکارەکە بۆ بەکارهێنەران.

شاومی لە فۆڕمی فەرمی Mi Community ڕایگەیاندووە کە ئەندازیارەکانیان بڕیاریان داوە لە مانگی داهاتووەوە، چیدیکە وەشانە تاقیکارییەکانی MIUI بۆ تاقیکاران بەردەست نەکەن. ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە بوو:

لەگەڵ بەردەستکردنی مۆبایلی نوێتری شاومیدا، بەکارهێنەری زیاتر دەستیان دەکرد بە بەکارهێنانی وەشانە تاقیکارییەکانی ڕووکاری MIUI. بەهەرحاڵ، وەشانە تاقیکارییەکانی ڕووکاری MIUI بۆ ئەوە درووست کراون تاوەکو بەکارهێنەران ڕاپۆرت لەسەر کێشەکانی وەشانەکە بدەن. گرووپی ئەندازیارانمان بڕیاریان دا لە ڕێکەوتی 1 ـی مانگی 7 ـی ئەمساڵەوە چیدیکە وەشانە تاقیکارییەکانی ڕووکاری MIUI بەردەست نەکەن.

شاومی هۆکاری وەستاندنی وەشانە تاقیکارییەکانی ڕووکارەکەی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە وەشانە تاقیکارییەکانی ڕووکارەکە خاوەن بەکارهێنەرێکی ئێجگار زۆرە. بەڵام لە بەرامبەردا ڕەوانەکردنی ڕاپۆرت دەربارەی کێشەکان لە لایەن بەکارهێنەرانەوە زۆر کەمن. تەنانەت هەندێک لە بەکارهێنەران هەرگیز ڕاپۆرتیان دەربارەی کێشەکان نەناردووە.

ئەم بڕیارەی شاومی بووە هۆکاری نیگەران کردنی هەزاران بەکارهێنەرانی وەشانە تاقیکارییەکانی ڕووکاری MIUI. بەڵام وا دیارە شاومی هیچ نیازێکی نییە تاوەکو بەردەوام بێت لەسەر ناردنی وەشانە تاقیکارییەکانی ڕووکاری MIUI.

سەرچاوە :
17 حوزه‌یران، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
704