10
ئەپڵ 17, حوزه‌یران 2019 بۆچوون

پێشبینی: ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی داهاتوو پشتگیری لە 5G دەکەن و گشتیان خاوەنی ڕوونمای OLED دەبن

هەرچەندە تاوەکو ئەم ساتە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ نمایش نەکراون، بەڵام پێشبینی و پڕوپاگەندەکان گەیشتوونەتە سەر ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی داهاتوو. پێشبینیکەری بەناوبانگ بەڕێز Ming-Chi Kuo لە ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆیدا ئاماژە بەوە دەدات کە ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی داهاتوو یەکەمین ئایفۆن دەبن کە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G بکەن و ڕوونمای سەرجەمیان لە جۆری OLED دەبن.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت کە ئایفۆنەکانی ساڵی داهاتوو بە 3 قەبارەی جیاوازەوە بەردەست دەبن، قەبارەکانیان بریتی دەبن لە 5.4 و 6.1 و 6.7 ئینج. هەروەها ڕوونمای سەرجەمیان لە جۆری OLED دەبن. ئایفۆنی قەبارە 6.1 ئینج بە تەنها پشتگیری لە نەوەی چوارەمی پەیوەندی 4G/LTE دەکات. وە جۆرەکانی قەبارە 5.4 و 6.1 ئینج پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G دەکەن.

پێشبینییەکە کەمێک نامۆیە. چونکە بچووکترین ڕوونمای ئایفۆن لە ئێستادا لە جۆری OLED قەبارەی 5.8 ئینجە، بەڵام ڕاپۆرتەکە دەڵێت یەکێک لە ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی داهاتوو قەبارەی 5.4 ئینج دەبێت بە خاوەن ڕوونمای OLED. ڕەنگە ئەم جۆرە ئایفۆنە نوێیە نەوەیەکی دەستکاریکراو بێت لە ئایفۆن SE.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە قەبارە گەورەترین ئایفۆنی ساڵی داهاتوو 6.7 ئینج دەبێت. لە کاتێکدا کە ئایفۆن XS Max لە ئێستادا قەبارە گەورەترینی نێو نەوەی ئایفۆنەکانە. ئەمەش بە زیادکردنێکی باشی قەبارەی ئایفۆن هەژمار دەکرێت ئەگەر ڕووبدات.

هەروەها Ming-Chi Kuo دەڵێت کە چیپی 5G ـی ئەپڵ تاوەکو ساڵی 2022 ئامادە نابێت، بەڵام وا دیارە ئەپڵ چیپی 5G ـی کۆمپانیای Qualcomm بەکاردەهێنێت بۆ ئایفۆنە نوێیەکانی ساڵی داهاتووی.

هەوادارانی ئایفۆن هەموو ساڵێک بە پەرۆشەوە چاوەڕێی نەوەیەکی نوێی ئامێرەکەن. وا پێشبینی دەکرێت لە مانگی 9 ـی ئەمساڵدا ئەپڵ نوێترین نەوەی ئایفۆن بە چەند قەبارەیەکی جیاواز لە کۆنگرەیەکی تایبەتدا نمایش بکات.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ