10
هەواڵ 18, حوزه‌یران 2019 بۆچوون

هواوەی پێشبینی دابەزینی فرۆشی مۆبایلەکانی دەکات بە ڕێژەیەکی بەرچاو

پاش دەستپێکی دژایەتییەکانی حکومەتی ئەمریکی بۆ کۆمپانیای هواوەی بێگومان هەمووان پێشبینی دابەزینی فرۆشی مۆبایلەکانی هواوەی کرد، ئێستاش بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ناوبراو کاریگەرییەکانی سزاکە دەخاتە ڕوو و پێشبینی دەکات بە ڕێژەیەکی بەرچاو فرۆشی مۆبایلەکانی داببەزێت.

لەم بارەیەوە بەڕێوبەری جێبەجێکاری هواوەی دەڵێت نەماندەزانی گورزەکە بەم ڕادە بەهێز دەبێت و پێشبینی دەکەین بە هاتنی ساڵی 2021 بارودۆخی کۆمپانیاکە جێگیر ببێت، سەبارەت بە پێشبینییەکان ئەوا هواوەی دەڵێت پێشبینی دەکەین فرۆشی مۆبایلەکان داببەزێت بە ڕێژەی لە سەدا 40% لەگەڵ زیانلێکەوتنمان بە ڕێژەی 30 ملیار دۆلار.

هەروەها پێشبینیش دەکات داهاتی کۆمپانیا بگاتە 100 ملیار دۆلار ئەمەش لە کاتێکدایە پێشووتر ئامانج لەوە بووە داهاتی کۆمپانیا بگاتە 125 ملیار دۆلار، بەڵام سەرەڕای ئەم پێشبینییانە بەڕێوبەری جێبەجێکاری هواوەی دەڵێت هیچ پلانێکمان نییە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانمان لەسەر گەڕان و گەشەپێدان.

لەگەڵ ئەوەشدا بە هیچ شێوەیەک ژمارەی کارمەندەکانمان کەم ناکەینەوە و بگرە ڕێژەی 100 ملیار دۆلار تەرخان دەکەین بۆ پێشخستن و بنیادنانی ژێرخانی کۆمپانیاکە، شایەنی ئاماژە پێدانیشە نزیک مانگێک لەمەوبەر بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ناوبراو ئاماژەی بەوەدابوو سزاکەی ئەمریکا زیانی نابێت بۆ هواوەی.

بۆچونی تۆ