10
یاری 20, حوزه‌یران 2019

بەڕێوبەرێکی پێشووی Epic Games: پێش ڕۆشتنم لە کۆمپانیا دەمویست یاری فۆرتنایت هەڵبوەشێنمەوە

بێگومان سەرەتای بەناوبانگ بوونی یارییەکانی باتڵ ڕۆیاڵ دەگەڕێتەوە بۆ یاری پەبجی و پاشانیش یاری فۆرتنایت ئەم دۆخە نوێیەی لە یارییەکەدا بەردەستکرد. بەڵام ئایا دەزانن ئەم یارییە کە لە ئێستادا یەکێکە لە سەرکەوتوو ترین و بەناوبانگترین یارییەکانی باتڵ ڕۆیاڵ پێشووتر هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دراوە؟

ئەمەش لە لێدوانێکی بەڕێوبەڕی پێشووی بەرهەمەکانی Epic Gamesـدا ئاشکرا کراوە و لەم بارەیەوە Rod Fergusson دەڵێت هەوڵمدابوو یاری فۆرتنایت هەڵبوەشێنمەوە بە هۆکاری ئەوەی ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەیەکی زۆر بووینەوە لە کاتی گەشەپێدانی یارییەکەدا. شایەنی باسە یاری فۆرتنایت بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2011ـدا ڕاگەیەنرا و زیاتر لە شەش ساڵی خایاند هەتاوەکو بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا.

ڕۆد لە گفتگوگۆکانی لەگەڵ ماڵپەڕی Game Informerـدا دەڵێت:-

“ئەگەر لە کۆمپانیای Epicـدا مابوومایەتەوە ئەوا یاری فۆرتنایتم هەڵدەوەشاندەوە ئەمەش لە کاتێکدایە پێشووتر یارییەکە ناوی Save the World بوو و منیش وەک بەڕێوبەری بەرهەمەکان لەو کاتەدا یارییەکەم بە شتێکی گرنگ نەدەزانی هەتاوەکو بەردەوام ببم لەسەری”

وەک ئاماژەمان پێکرد یاری فۆرتنایت پێشووتر لە ژێر ناوی Save the Worldـدا گەشەیپێدەدرا و ئەویش یارییەکی بە کۆمەڵ بوو تیایدا یاریکەران پێویست بوو لەسەریان بەرگری لە خۆیان بکەن دژی لێشاوی زۆمبییەکان، بیرۆکەی یارییەکەش بەند بوو لەسەر ئەوەی یاریکەر پێویستە بگەڕێت بە شوێن چەک و پێداویستییەکانی بنیادنانی خانوویەک.

ئەمەش بێگومان بۆ دروستکردنی یەکەیەکی سەربازی تایبەت بە یاریکەران هەتاوەکو بەرگری لە خۆیان بکەن دژی زۆمبییەکان، هەرچەندە ئەم بیرۆکەی یاریکردنە هەندێک لە بەکارهێنەرانی بە ڕووی خۆیدا ڕاکێشا بەڵام هێشتاش بە ڕادەی پێویست نەبوو. بێگومان ئەمەش درێژەی نەکێشا هەتاوەکو یارییەکە دۆخی باتڵ ڕۆیاڵی بۆ زیاد کرا و لە ژێر ناوی فۆرتنایتدا بڵاوکرایەوە، شایەنی ئاماژە پێدانە ئێستا هەردوو یارییەکە بە جیا بەردەستن، بە شێوەیەک یاری فۆرتنایت بە خۆڕایی و Save the Worldـیش بە نرخی 40 دۆلار هەرچەندە بڕوا ناکەم بەکارهێنەرێکی زۆری هەبێت.

تاگەکان Epic Games
بۆچونی تۆ