هەواڵ 22, حوزه‌یران 2019

ئاشکرا بوو ڕوونمای مۆبایلی OnePlus 7 Pro بە شێوەی هەمیشەیی 90 هێرتز نییە!

بێگومان یەکێک لە دیارترین و ناوازەترین تایبەتمەندییەکانی مۆبایلی OnePlus 7 Pro بەردەستبوونییەتی بۆ ڕوونمایەک بە ڕێژەی نوێبوونەوەی 90 هێرتز، هەر ئەمەش بوو وایکرد مۆبایلی OnePlus 7 Pro جیاواز بکات لە مۆبایلەکانی دیکە و بێگومان کۆمپانیای وەن پڵەسیش بە شێوەیەکی خێرا سوودی لەمە بینی، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا ئاشکرا بوو مۆبایلەکە ڕێژەی نوێبوونەوەی 90 هێرتز بە شێوەیی هەمیشەیی بەکارناهێنێت.

ئەمەش دڵنیاکراوەتەوە بە پێی یەکێک لە گەشەپێدەرانی XDA Developers، بە شێوەیەک ئاماژە بەوە دەکات مۆبایلی OnePlus 7 Pro سێ ڕێژەی نوێبوونەوەی جیاوازی هەیە ئەوانیش 60 هێرتز و 90 هێرتزی خۆکارانە و 90 هێرتزی ڕاستەقینە کە وا دیارە ئەم جۆرەیان شاراوەیە.

هەڵبژاردەی سێیەم کاتێک چالاک دەکرێت ڕێگە بە مۆبایلەکە دەدات ڕێژەی نوێبوونەوەی 90 هێرتز بە شێوەی هەمیشەیی بەکاربهێنێت، ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە مۆبایلەکە بە شێوەیەک ڕێکخراوە لەسەر هەڵبژاردەی 90 هێرتزی خۆکارانە بێت واتە بە شێوەیەکی خۆکارانە ئاڵوگۆڕ بکات لە نێوان ڕێژەی نوێبوونەوەی 60 هێرتز و 90 هێرتز ئەمەش بە پێی ئەو فرمانەی جێبەجێ دەکرێت لەسەر مۆبایلەکە دەگۆڕێت.

هەر لەم بارەیەشەوە کاتێک XDA Developers پەیوەندی بە کۆمپانیای وەن پڵەسەوە کرد و داوای ڕوونکردنەوەی کرد لەم بارەیەوە کۆمپانیای وەن پڵەس لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەدا کاتێک مۆبایلەکە ڤیدیۆ یان پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و کاری هاوشێوەی وەک ئەوانەی پێ ئەنجام دەدرێت ئەوا ڕێژەی نوێبوونەوە دەگەڕێتەوە بۆ 60 هێرتز بەڵام لە کاتەکانی دیکەدا 90 هێرتزە.

سەرەڕای ئەمانەش کۆمپانیای وەن پڵەس هۆشداریدا لە بارەی چالاککردنی ڕێژەی نوێبوونەوەی 90 هێرتزی ڕاستەقینە چونکە کاریگەری دەبێت لەسەر تەمەنی پاتری ئامێرەکە، بێگومان ئەم هەواڵەش بۆ زۆرینەی بەکارهێنەران جێگای خۆشحاڵی نییە و بە دڵنیاییشەوە گۆڕینی ڕێژەی نوێبوونەوە بە هۆکاری تەمەنی پاتری کارێکی دادپەروەرانە نییە، بە دڵنیاییەوە ئەمەش تێڕوانینی زۆرینەی بەکارهێنەرانە.

سەرچاوە:-

  • XDA Developers
  • Electrony
تاگەکان OnePlus 7 Pro
بۆچونی تۆ