ئەپڵ

لە دوای نزیکەی 30 ساڵ، Jony Ive بەڕێوەبەری دیزاینەکانی ئەپڵ کۆمپانیاکە بەجێ دەهێڵێت

بەڕێوەبەری دیزاینەکانی ئەپڵ بەڕێز Jony Ive بڕیاریدا کۆمپانیای ئەپڵ بەجێ بهێڵێت و کۆمپانیایەکی تایبەت بە خۆی دابمەزرێنێت. ئەمەش لە دوای 30 ساڵ کارکردنی وەکو فەرمانبەری کۆمپانیای ئەپڵ.

جۆنی ئایڤ (Jony Ive) لە ساڵی 1992 ـەوە و لە ساتی دەستپێکی بەناوبانگ بوونی ئەپڵەوە وەکو فەرمانبەر لە کۆمپانیاکەدا دەست بە کار بووە. دەستێکی باڵای هەبووە لە بەناوبانگ کردنی ئەپڵ و دیزاینکردنی ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاد و ئایپۆد و ماکەکان. وە تەنانەت بەشێک بووە لە دیزاینکردنی ڕووکاری سیستەمی iOS. بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو، کەمێک پێش ئێستا ئەپڵ لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند کە جۆنی ئایڤ کۆمپانیاکە جێ دەهێڵێت و بەرەو بازرگانی تاکەکەسی هەنگاو دەنێت، ئەویش لە ڕێگای دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تایبەت بە خۆی.

کۆمپانیاکەی جۆنی ئایڤ تایبەت دەبێت بە دیزاینکردن و ناوی LoveFrom دەبێت. ئەپڵ ڕایگەیاند کە بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕاستەوخۆ سوود لە بەهرەکانی جۆنی وەردەگرن بە کارکردن لەگەڵیدا لە بەرهەمە تایبەتەکاندا. لە هەمان کاتدا، ئەپڵ Evans Hankey ـی وەکو بەڕێوەبەری گشتی دیزاینەکانی لە جێگای جۆنی دیاریکرد و Alan Dye ـیش وەکو بەڕێوەبەری دیزاینەکانی ڕووکار دیاریکرا.

سەبارەت بە ڕۆیشتنەکەی جۆنی ئایڤ لە ئەپڵ، تیم کوک بەڕێوەبەری گشتی ئەپڵ ڕایگەیاند:

ئەپڵ بەردەوام دەبێت لە سوود وەرگرتن لە تواناکانی جۆنی ئایڤ. بە درێژایی کارکردنی، گرووپێکی بلیمەت و بە ڕەحمی بنیادنا. لە دوای ئەو هەموو ساڵە زۆرە لە کارکردن لە نزیکەوە، دڵخۆشم بەو پەیوەندییەی نێوانمان کە بەردەوام دەبێت و وە چاوەڕێم تاوەکو لە داهاتوودا کار لەگەڵ جۆنی بکەم.

هەروەها بەڕێز جۆنی ئایڤیش لێدوانی لەسەر بەجێهێشتنەکەی هەبووە و ڕایگەیاند:

لە دوای نزیکەی 30 ساڵ و دیزاینکردنی پڕۆژە نەژمێردراوەکان، شانازییەکی زۆر بە دواین کارەکانمانەوە دەکەم کە توانیمان گرووپێک، پڕۆسە و گەشەکردن لە ئەپڵدا بنیاد بنێین. ئەمڕۆ کەسانێکی زۆر بەتوانا، چالاک و بەهرەمەندتر لە ئەپڵدا بوونیان هەیە لە چاو پێشووتردا. بە دڵنیاییەوە تیمەکە زیاتر نایابتر دەبێت بە ڕابەرایەتیکردن لە لایەن ئیڤانس، ئالان و جێڤ. کە نزیکترین هاوکاری من بوون. بە تەواوی متمانەم بە هاوپیشە دیزاینەرەکانمەوە هەیە لە ئەپڵ، کە وەک هاوڕێیەکی نزیکم دەمێننەوە. وە چاوەڕێم تاوەکو لە چەندان ساڵی داهاتوودا کاریان لەگەڵدا بکەم.

ئایڤ بە شێوەیەکی نزیک کاری لەگەڵ ستیڤ جۆبس بەڕێوەبەری کۆچکردوو و پێشووتری کۆمپانیای ئەپڵدا کردبوو و پەیوەندی هاوڕێیەتییان زۆر بەهێز بوو. یەکەمین پڕۆژە کە جۆنی ئایڤ دیزاینی بۆ کێشا، کۆمپیوتەری iMac بوو لە ساڵی 1998، کە بووە یەکێک لە بەرهەمە سەرکەوتووەکانی مێژووی ئەپڵ و هەر ئەمەش بوو ناوبانگی ئەپڵی زیاتر و زیاتر کرد. خۆشترین ساتەوەختی جۆنی و ستیڤ جۆبسیش ئەوە بوو کە ستیڤ جۆبس لە سەر شانۆی ناساندنی یەکەمین نەوەی ئایفۆن لە ساڵی 2007 ـدا پەیوەندی ڤیدیۆیی لەگەڵ جۆنیدا ئەنجامدا.

بۆ چەند ساڵێکی بەردەوام و لەگەڵ نمایشکردنی نوێترین ئامێرەکانی ئەپڵدا، جۆنی ئایڤ ڤیدیۆی ناساندنی ئامێرە نوێیەکانی بڵاو دەکردەوە. دواین ڤیدیۆی ناساندنیشی، دەگەڕێتەوە بۆ چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ناساندنی کۆمپیوتەری نوێی Mac Pro ـدا.

جۆنی ئایڤ ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە دیزاینکردنی وەشانی iOS 7 لە ساڵی 2013 ـەدا، کە لەو وەشانەی ئای ئۆ ئێسدا دیزاینی سیستەمەکە بە تەواوی گۆڕدرا و داڕێژرایەوە، وە تاوەکو وەشانی iOS 13 ـش زۆرترین دیزاینەکانی iOS 7 بەدی دەکرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەپڵ بە هۆی جۆنییەوە سوودی لە دیزاینی iOS 7 بینی بۆ وەشانە نوێیەکانی سیستەمی macOS.

ئەوەی جێگای دوودڵییە لە لای ئێمە و بەشێک لە هەوادارانی ئەپڵ، داهاتووی ئەپڵە بە بێ جۆنی. ئاخۆ ڕوودەدات کە لە داهاتوودا هەمان دیزاینی ئایفۆن و ئایپۆد و ئایپاد و ماکەکانی ئێستا بە قەشەنگی زیاترەوە ببینین یاخود نا؟ لە خوارەوە لێدوانت دەربارەی ئەم پرسیارە بنووسە.

سەرچاوە :
28 حوزه‌یران، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
708