هەواڵ
1, تەممووز 2019
بە هۆی شکستهێنانی تاقیکردنەوەیەکەوە، ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی OnePlus 7 Pro ئاگادارکەرەوەی بێزارکەریان پێ دەگات

ئەگەر بە تەنها تۆ ئاگادارکەرەوەی بێزارکەرت لە OnePlus 7 Pro ـەکەت بە دەست گەیشتووە، ئەوا بە تەنها نیت.
ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی مۆبایلی OnePlus 7 Pro ڕایانگەیاندووە کە کۆمەڵێک ئاگادارکەرەوەی هەڕەمەکی بێزارکەر و بێمانایان بە دەست دەگات. وەنپڵەسیش کێشەیەکی پشتڕاست کردەوە و هۆکارەکەشی ڕاگەیاند.
ئەو بەکارهێنەرانەی مۆبایلەکە کە ئاگادارکەرەوەکانیان بە دەست گەیشتووە، وێنەکانیان بڵاوکردۆتەوە. وەکو دەردەکەوێت، ژمارەیەک لە ئاگادارکەرەوەکان بە پیتی چینی نووسراون، وە هەندێکی دیکەیان کۆمەڵێک وشەی هەڕەمەکین و مانایان نییە.
https://twitter.com/akshaytapase/status/1145605660761083904
دوا بە دوای ڕوودانی ئەم کێشەیە، وەنپڵەس لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند کە لە ماوەی تاقیکردنەوەیەکی ناوخۆییدا، تیمی OxygenOS بە ڕێکەوت چەند ئاگادارکەرەوەکیان ڕەوانەی بەکارهێنەرانی ئامێری OnePlus 7 Pro کردووە. کۆمپانیاکە داوای لێبووردنی لەو بەکارهێنەرانە کرد کە ئاگادارکەرەوە بێزارکەرەکانیان بە دەست گەیشتووە و ڕاشیگەیاند کە تیمەکەیان لە ئێستادا سەرقاڵی دۆزینەوەی ئەو هەڵەیەیە کە بووەتە هۆی درووستبوونی ئەو کێشەیە. هەروەها زانیاری زیاتر دەربارەی کێشە پەیوەندیدارەکە لە داهاتوودا بڵاو دەکەنەوە.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.