پزیشک و سەلامەتی
5, تهمموز 2019
ڕۆڵ و کاریگەری تەکنەلۆژیا لە بواری تەندروستیدا گەیشتووەتە چ ئاستێک؟

بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو تەکنەلۆژیا گۆڕانکارییەکی زۆری ئەرێنییی لە بواری تەندروستیدا کردووە، هەر لە دیاریکردنی جۆری نەخۆشییەکانەوە تاوەکوو شێوازەکانی چارەسەرکردن و کەم کردنەوەی ئازاری نەخۆشەکان و زووتر چاکبوونەوەیان.
ئەمانە کۆمەڵێک لە بەرەوپێشچوونەکانی تەکنەلۆژیان لە کەرتی تەندروستیدا:
-بە دیجیتاڵکردنی فایلە تەندروستییەکان
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تۆماری دیجیتاڵی زیاتر و زیاتر جێگای تۆماری کاغەز دەگرنەەوە کە هەمیشە ئەگەری لەناوچوونی هەیە، تۆمارە دیجیتاڵییەکان لە ناو خزمەتگوزارییە هەورییەکاندا هەڵدەگیرێن و نەخۆش و پزیشکەکان لە هەر شوێنێکبن دەتوانن دەستیان پێیان بگات.
-ئەپەکانی مۆبایل لە بواری تەندروستی
جگە لەوەی نەخۆشەکان دەتوانن لە ڕێگای مۆبایلەکانیان و ئینتەرنێت دەستیان بگات بە زانیاری تەندروستی ڕاست و باوەڕپێکراو، دەشتوانن لە ڕێگای جۆرەها ئەپی بەسوودەوە چاودێری کات و بەرواری دیدارەکانیان لەگەڵ پزیشکدا بکەن، وەبیر بخرێنەوە کە دەرمانەکانیان وەرگرن، ئەمە جگە لە ئەپەکانی چاودێری چالاکی کە بەردەوام زانیاریت دەدەنێ لەسەر جووڵە و چالاکییەکانت و خواردنت.
-تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی
تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی بەردەوام لە پێشکەوتن و گەشەدایە و ئێستا ڕێگا بە نەخۆشەکان دەدات لە هەر کوێیەکی جیهانبن و چەندێک دووربن پەیوەندی بە پزیشکەکانەوە بکەن و سوودیان لێ وەربگرن، ڕێگاش دەدات بە نەخۆشەکان کە دڵنیا ببنەوە لە بەردەست بوونی چارەسەر بۆیان لای پزیشکێکی دیاریکراو یاخود وڵاتێکی دیاریکراو پاشان گەشت کردن بۆی نەوەک بە پێچەوانەوە.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.