سۆنی

سۆنی کار لەسەر درووستکردنی مۆبایلێکی ڕوونما خولاوە دەکات

زۆر دوور نەڕوانین، 5 ساڵ لەمەوبەر خەونمان بە بینینی مۆبایلێکی ڕوونما پڕاوپڕ (لێوار بۆ لێوار)، چەماوە و هەبوونی پەنجەمۆر و کامێرای ژێر ڕوونماوە دەبینی، لە ماوەیەکی کەمی ڕابردوودا سەرجەمیان بوونە ڕاست. تاکە شت تاوەکو مابێتەوە بیبینین، بینینی مۆبایلێکە کە ڕوونماکەی خولاوە بێت. دەنگۆ هەیە کە گوایە کۆمپانیای سۆنی کار لەسەر درووستکردنی مۆبایلێکی ڕوونما خولاوە دەکات.

بە پێی دەنگۆکان بێت، ڕوونمای مۆبایلە نوێیەکەی سۆنی توانای چوونە ناویەکی دەبێت، بەو مانانەی دەتوانرێت ڕوونماکە لوول بکرێت و بچووک بکرێتەوە، هەر بۆیە پێی دەگوترێت ڕوونما خولاوە. بەدەستهێنانی ڕوونمایەکی لەو جۆرە ئەستەم نییە، چونکە کۆمپانیای LG لە ساڵی ڕابردوودا تەلەفزیۆنێکی ڕوونما خولاوەی قەبارە 65 ئینجی ڕاگەیاند، لە پاشان کۆمپانیاکە دەستی بە فرۆشتنی جۆرە ڕوونماکە کرد.

کۆمپانیای سۆنی تاوەکو ئێستا بەردەوامە لەسەر بەرهەمهێنانی زنجیرە مۆبایلی Xperia، لە ئێستادا دواین نەوەی زنجیرەکە خاوەن پڕۆسێسەری Snapdragon 710 ـە. ڕەنگە لەگەڵ بەکارهێنانی ڕوونما خولاوەکەدا، سۆنی پڕۆسێسەری Snapdragon 855 و مۆدیۆمی X50 بە پشتگیری لە نەوەی پێنجەمی پەیوەندی 5G ـییەوە بۆ نەوەی نوێی مۆبایلی Xperia بەکاربهێنێت.

دەگوترێت کە مۆبایلە ڕوونما خولاوەییە نوێیەکەی سۆنی خاوەن کامێڕایەک دەبێت کە توانای نزیککردنەوەی 10 هێندەی دەبێت، بەڵام ڕوون نییە کە کامێراکە توانای نزیککردنەوەی ڕاستەقینەیی 10 هێندەی دەبێت یاخود نا. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلەکە خاوەن پاترییەک بێت بە توانستی 3,220 ملی ئەمپێر/کاتژمێر، لە کاتێکدا ڕوونمای چەماوە پێویستی بە 2 پاتری دەبێت بۆ کارکردن.

وا چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتاییەکانی ساڵی داهاتوودا کۆمپانیای سۆنی نوێترین نەوە لە مۆبایلی Xperia بە خاوەن ڕوونمای خولاوەوە نمایش بکات.

سەرچاوە :

8 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
خوێندکاری پەیمانگای کۆمپیوتەرم، شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. ئێستا، لە کەی ئای تی ئێن سەرقاڵی نووسینی بابەتی پەیوەندیدار بە تەکنەلۆژیاوەم. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
704