10
ئۆتۆمبێل 11, ته‌مموز 2019 بۆچوون

ئەندازیارێکی پێشووی Tesla دانی پێدانا کە کۆدەکانی پڕۆژەی Autopilot ـی کۆمپانیاکەی لە هەژماری iCloud ـەکەیدا زەخیرە کردبوو

ئەندازیاری پێشووی کۆمپانیای Tesla بە ناوی Guangzhi Cao، لە دادگایکردنێکدا دانی پێدانا کە کۆدەکانی پڕۆژەی خۆلێخوڕی Autopilot ـی کۆمپانیاکەی لە هەژماری خزمەتگوزاری هەوری iCloud ـی تایبەتی خۆیدا زەخیرە کردبوو.

لە دادگاییەکدا کە بە ئامادەبوونی کۆمپانیای تێسلا و ئەندازیاری پێشووتری کۆمپانیاکە بە ناوی Guangzhi Cao ئەنجامدرا، ئەندازیارەکە ڕایگەیاند کە لە پێش ئەوەی واز لە کۆمپانیاکە بهێنێت، داخڵی سیستەمی سەرچاوە کراوەی پڕۆژەی Autopilot ـی کۆمپانیاکە ببوو و لە پاشان لە پەڕگەیەکی جۆری zip ـدا پڕۆژەکەی لە هەژماری iCloud ـی تایبەتی خۆیدا زەخیرە کرد کە زیاتر لە 300,000 پەڕگە و ڕێنوێنی لەخۆگرتبوو. تێسلاش ئەندازیارە کۆنەکەی تۆمەتبار دەکات بە پێدانی کۆدەکانی پڕۆژەکە بە کۆمپانیای Xiaopeng Motors ـی چینی.

بەڕێز Guangzhi Cao لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا ئۆفەرێکی کارکردنی لە لایەن کۆمپانیای Xiaopeng Motors ـی چینی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەباییەوە بە دەست گەیشت، هەر لەو کاتەدا و پێش ئەوەی ئۆفەرەکە قبوڵ بکات و لە تێسلا بڕوات، کۆدەکانی پڕۆژەی Autopilot ـی زەخیرەکرد.

هەرچەندە کۆمپانیای Xiaopeng Motors لە دادگاییەکەدا ئامادە نەببوو، بەڵام تێسلا بە تایبەتی کۆمپانیاکەی بە دزینی بیرۆکەی تێسلا ناوبرد و ڕایگەیاند: کۆمپانیای XMotors ئۆتۆمبێلەکانی لەسەر بنەمای پڕۆژەی Autopilot ـی تێسلا دیزاین دەکات.

پڕۆژەی Autopilot پڕۆژەیەکی کۆمپانیای تێسلایە و بنەمای کارپێکردنی تایبەتمەندی خۆلێخوڕە لە ئۆتۆمبێلەکانی تێسلادا. پڕۆژەکە لە توانایدایە ئۆتۆمبێلەکان بە بێ یارمەتی شۆفێر لێبخوڕێت بە هۆی ڕادارەکان و هێڵە سپییەکانی سەر شەقامەکانەوە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ