ئەندرۆید

ئەپی Word لە کۆگای گووگڵ پلەی 1 ملیار داگرتنی تێپەڕکرد

لە کاتێکدا کە گووگڵ ئەپی بەناوبانگی Google Docs ـی تایبەت بە پەڕگە بەڵگەنامەییەکان بەردەستکردووە، هێشتا خەڵکانێکی زۆر زیاتر هەن کە ئەپی جیاوازی تایبەت بە پەڕگە بەڵگەنامەییەکان بەکاردەهێنن. هەر بەم بۆنەیەوە، ئەپی بەناوبانگی Microsoft Word لە کۆگای گووگڵ پلەی تایبەت بە ئەندرۆید بە فەرمی 1 ملیار جار داگرتنی تێپەڕکرد.

لە ماوەی ڕابردوودا ئەپی Word یەکەمین ئەپی مایکرۆسۆفت بوو بۆ ئەندرۆید کە 500 ملیۆن جار داگرتنی تێپەڕ کرد، ئێستاش بووە یەکەمین ئەپی کۆمپانیاکە بۆ ئەندرۆید کە توانی 1 ملیار جار داگرتن تێبپەڕێنێت. سەبارەت بە گەیشتنی ئەپەکە بە 1 ملیار داگرتن، ئەم ژمارەیە بە تەنها بۆ داگرتنی ڕاستەوخۆ هەژمار ناکرێت، بەڵکو لەو کاتانەشدا هەژمار دەکرێت کە بە شێوەی بنەڕەتی جێگیر دەکرێت لە مۆبایلەکاندا لە لایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری مۆبایلە زیرەکەکانەوە. مایکرۆسۆفت لە ڕابردوودا ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای سامسۆنگ و چەند کۆمپانیایەکی دیکە ئەنجامدابوو تاوەکو ئەپی Word و چەندین ئەپی دیکەی خۆی لە مۆبایلەکانیاندا جێگیر بکەن.

گەیشتنی ئەپێکی مایکرۆسۆفت تایبەت بە ئەندرۆید بەو ژمارە داگرتنە، بە دەستکەوتێکی باش بۆ کۆمپانیاکە هەژمار دەکرێت.

کرتە لە وێنۆچکەکەی خوارەوە بکە بۆ داگرتنی ئەپی Microsoft Word بۆ ئەندرۆید لە کۆگای گووگڵ پلەی.

سەرچاوە :
13 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
841