هەواڵ

ڕەنگە لە 2 بۆ 4 هەفتەی داهاتوودا بە یەکجاری سزاکان لەسەر هواوەی لاببرێن

چەند مانگێکە حکومەتی ئەمریکا کۆمەڵێک سزای بەسەر کۆمپانیای هواوەی چینیدا سەپاندووە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر ڕاژە ئەمریکییەکان، بەڵام وا دیارە تەمەنی سزاکانی سەر هواوەی زۆر کەمیان ماوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە یەکجاری لادەبرێن.

لە ڕاپۆرتێکدا، پێگەی ڕۆیتەرز ئاشکرای کردووە کە ڕەنگە حکومەتی ئەمریکا لە 2 بۆ 4 هەفتەی داهاتوودا بە یەکجاری سزاکان لەسەر هواوەی لابدات و ڕێگە بە کۆمپانیا چینییەکە بداتەوە مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکاتەوە و دەست بکاتەوە بە مامەڵەی ڕەقەکاڵاکانی. نوێنەرێکی پیشەگەر کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە پێی ڕاگەیەندراوە کە ڕەنگە لە 2 بۆ 4 هەفتەی داهاتوودا و لە کۆنگرەیەکدا بە فەرمی سزاکان لەسەر هواوەی هەڵبگیرێن و مۆڵەت بە کۆمپانیا چینییەکە بدرێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان. نوێنەرەکە وردەکاری زیاتری لەم بارەیەوە باس نەکردووە.

بە پێی پێگەکە بێت، 2 کۆمپانیای ئەمریکی پاڵپشتیکاری هواوەی مۆڵەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ هواوەیدا بۆ حکومەتی ئەمریکا ناردووە بە مەبەستی دابینکردنی ڕەقەکاڵا و چیپەکان لە لایەن هواوەییەوە. تاوەکو ئێستا مۆڵەتە نێردراوەکە لە ژێر تاوتوێکردندایە و هیوا هەیە کە قبوڵ بکرێت.

مانگی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەی G20 ـدا چاوی بە Xi Jinping سەرۆکی چین کەوت و ڕایگەیاند کە هەردوو وڵاتەکە دەست دەکەنەوە بە بازرگانی ئاسایی نێوانیان و ئەمریکا بە زووترین کات سزاکان لەسەر هواوەی لادەبات. بەڵام هێشتا گومان لەسەر لابردنی سزاکانی هواوەی ماوە لە دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا و لە دوای چاوپێکەوتنەکەی ترەمپ و Xi Jinping، کۆمسیۆنی کارگێڕی ئەمریکا بە فەرمانبەرەکانی ڕاگەیاندبوو کە هێشتا هواوەی لە لیستی ڕەشدا ماوەتەوە و وەکو سزادراو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

هواوەی گەورەترین کڕیاری کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکانە، بە شێوەیەک کە لە بڕی 70 ملیار دۆلاری سەرفکراوی کۆمپانیاکە بۆ کڕینی پارچەکان لە ساڵی 2018 ـەدا، 11 ملیاری لە کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا سەرفکراون. هەر بۆیە زۆر سەخت دەبێت بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان تاوەکو ئەم کڕیارەیان لەدەست بدەن.

سەرچاوە :

16 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
822