ئەپڵ

پڕوپاگەندە: ڕەنگە ئەپڵ وێنۆچکەی پەلکەزێڕینەیی سێو بۆ پشتەوەی هەندێک لە بەرهەمەکانی ئەمساڵی بەکاربهێنێت

دەنگۆ هەیە کە ڕەنگە دووبارە ئەپڵ وێنۆچکەی پەلکەزێڕینەیی سێو بۆ پشتەوەی هەندێک لە بەرهەمەکانی ئەمساڵی بەکاربهێنێت. هەرچەندە پڕوپاگەندەکە هێندە بەهێز نییە، بەڵام ئەگەر هەیە کە ڕووبدات.

لە ڕاپۆرتێکی پێگەی MacRumors ـدا هاتووە کە فەرمانبەرێکی ئەپڵ لە کۆپێرتینۆ بە پێگەکەی ڕاگەیاندووە ئەپڵ وێنۆچکەی پەلکەزێڕینەیی (6 ڕەنگیی) ـی سێو (Apple) بۆ بەشی پشتەوەی هەندێک لە بەرهەمە نوێیەکانی ئەمساڵی بەکاردەهێنێت. بە دیاریکراوی نازاندرێت کە وێنۆچکەکە بۆ کام لە بەرهەمە نوێیەکانی ئەپڵ بەکاردەهێندرێن، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە بەرهەمەکانی ماک دەگرێتەوە و ڕەنگە بۆ بەرهەمە دەستکاریکراوە تایبەتەکانی ئایفۆن وەکو PRODUCT)RED) ـیش بەکاربهێندرێت. ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکن کە لەسەر بنچینەی پڕوپاگەندەکە درووست کراون.

ڕاست بین، ڕەنگە ئەم پڕوپاگەندەیە هەرگیز ڕوو نەدات، چونکە پێگەکە هیچ بەڵگەکەی بەدەستەوە نییە سەبارەت بە بابەتەکە. بەڵام لە بیری نەکەین، پێگەکە متمانەپێکراوە و مێژوویەکی درێژی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ پێگەیەکی دیکە زانیاری هاوشێوەی بڵاونەکردۆتەوە بەدەر لە پێگەی MacRumors.

ئەپڵ بۆ یەکەمین جار وێنۆچکەی پەلکەزێڕینەیی سێوی لە کۆمپیوتەری Apple II لە ساڵی 1977 ـەدا بەکارهێنا و بەکارهێنانی وێنۆچکەی سێوە ڕەنگاوڕەنگەکە بۆ بەرهەمەکانی ئەپڵ تاوەکو ساڵی 1988 بەردەوامی هەبوو. لەو کاتەوە هەرگیز ئەپڵ وێنۆچکەکەی بۆ هیچ کام لە بەرهەمەکانی بەکارنەهێناوەتەوە، هەر بۆیە ناوازە دەبێت ئەگەر لە دوای 20 ساڵ دووبارە ئەپڵ وێنۆچکەی پەلکەزێڕینەیی سێو بۆ بەرهەمە نوێیەکانی بەکاربهێنێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا بۆ چەندین جار ئەپڵ لە بۆنە جیاوازەکاندا کەلوپەلی 6 ڕەنگیی لە Apple Park ـدا بەکارهێنابوو بۆ مەبەستی ستایشکردنی ستیڤ جۆبسی کۆچکردوو.

لە ماوەی ڕابردوودا و لە بۆنەیەکدا، جۆنی ئایڤ بەڕێوەبەری پێشووی دیزاینەکانی ئەپڵ بەم شێوەیە باسی لە وێنۆچکەی پەلکەزێڕینەیی کرد:

بەکارهێنانی وێنۆچکەی پەلکەزێڕینەیی بەشێک بوو لە ئامرازی ناسینەوەی ئێمە بۆ چەند ساڵێک، وێنۆچکەی پەلکەزێڕینەیی چەمکێکی ئەرێنی و خۆشحاڵکەری هەندێک لە بەها لەخۆگرتەییەکانمانە.

دووبارە، ئەگەری ڕوودانی ئەم پڕوپاگەندەیە زۆر کەمە، بەڵام هیچ نەبێت پێویستە پشتگوێ نەخرێت.

سەرچاوە :

17 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
822