10
ئۆتۆمبێل 20, ته‌مموز 2019 بۆچوون

کۆمپانیای Toyota یەکەمین ئۆتۆمبێلی گوێزەرەوەی کارەبایی تایبەت بە یارییەکانی ئۆڵۆمپی ساڵی داهاتووی تۆکیۆ ڕاگەیاند

خەریکە یارییەکانی ئۆڵۆمپی ڕووی ڕاستەقینەی تەکنەلۆژیامان نیشان دەدات. کۆمپانیای Toyota ـی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل یەکەمین ئۆتۆمبێلی گوێزەرەوەی کارەبایی تایبەت بە یارییەکانی ئۆڵۆمپی ساڵی داهاتووی شاری تۆکیۆی وڵاتی ژاپۆن ڕاگەیاند.

ئۆتۆمبێلە نوێیەکەی کۆمپانیای Toyota لە جۆری (گوێزەرەوەی بەردەستی خەڵک :APM (Accessible People Mover ـە، ئۆتۆمبێلەکە کارەباییە و بەرزترین خێرایی 12 میلە لە کاتژمێرێکدا، جێگای 5 سەرنشینی تێدا دەبێتەوە و خاوەن پاتری جۆری lithium-ion ـە و توانای هەیە 100 کیلۆمەتر ببڕێت بە تەنها 1 جار بارگاویکردنەوە.

لە ڕووی دیزاینەوە، ئۆتۆمبێلەکەی Toyota خاوەن دیزاینێکی مۆدێرن و جیاوازە، ئۆتۆمبێلەکە هیچ جامێکی نییە و خاوەن 4 تایەیە. ئەوەی جێگەی ئاماژەپێکردنە، ئۆتۆمبێلەکە بە سوودە بۆ یاریزان و میوانە کەمئەندامەکان یاخود خێزان و منداڵی بچووک، هەر بۆیە خاوەن ڕێڕەوێکی تایبەتە بۆ ئەو کەسانەی کەمئەندامن یاخود لەسەر کورسی گەڕۆکن. هەرچەندە کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە تایبەت بێت بە کەسانی کەمئەندام.

کۆمپانیای Toyota لە پێشووتردا ڕایگەیاندبوو کە لە پلانیدایە ئۆتۆمبێلی فڕیو تایبەت بە یارییەکانی ئۆڵۆمپی ساڵی 2020 ـی تۆکیۆ ڕابگەیەنێت، هەروەها کۆمپانیاکە سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ڕۆبۆتە تاوەکو خواردن و خواردنەوە پێشکەش بە میوانانی یارییەکانی ئۆڵۆمپی ساڵی داهاتووی تۆکیۆ بکات.

یارییەکانی ئۆڵۆمپی لە ڕێکەوتی 24 ـی مانگی 7 ـی ساڵی داهاتووەوە لە شاری تۆکیۆی وڵاتی ژاپۆن بەڕێوە دەچن و وا بڕیارە کەمتر لە مانگێک بخایەنن.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ