تویتەر

بەمنزیکانە تویتەر زانیاری زیاتر نیشان دەدات دەربارەی جریوە بەردەست نەبووەکان

لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا کاتێک جریوەیەک دەسڕدرێتەوە یاخود بەردەست نابێت، بە تەنها دەنووسرێت “This Tweet is unavailable” بەو واتایەی کە جریوەکە بەردەست نییە. کۆمپانیاکە دەیەوێت وردەکاری زیاتر نیشان بدات بەدەر لەو نووسینە ناڕوونە.

تویتەر ڕایگەیاند کە بەمنزیکانە لە جیاتی نیشاندانی نووسینی “This Tweet is unavailable” لەسەر جریوە بەردەست نەبووەکان، وردەکاری زیاتر دەربارەی بەردەست نەبوونی جریوەکان نیشان دەدرێت. تویتەر دەڵێت زۆرینەی جار جریوەکان لەبەر چەند هۆکارێک بەردەست نابن و ئەو نووسینە لەسەریان دەنووسرێت، ئەو هۆکارانەش بریتین لە سڕینەوەی جریوەکە، کپکردنی وشەیەک کە لە جریوەکەدا بوونی هەیە، یاخود پارێزگاریکردن لەسەر هەژماری خاوەن جریوەکە کارا کرابێت. لە ماوەیەکی نزیکدا وردەکاری تەواو لەسەر ئەو حاڵەتە لەسەر جریوەکان نیشان دەدرێن.

لەگەڵ نیشاندانی وردەکاری زیاتر لەسەر جریوە بەردەست نەبووەکان، جریوەکان ئاسان دەخوێندرێنەوە. هەروەها ئەم هەنگاوە نوێیەی تویتەر ڕەنگە یارمەتی بەکارهێنەران بدات بۆ خوێندنەوەی جریوەی ئەو بەکارهێنەرانەی کە وێنەی هەژمار یاخود ناوی هەژماریان دەقاودەق هی کەسێکی بەناوبانگە.

تویتەر ڕێکەوتی بەردەستکردنی تایبەتمەندییەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام لە ئێستادا لە ژێر تاقیکردنەوەدایە بۆ ژمارەیەکی کەم لە بەکارهێنەرانی تۆڕەکە و بەمنزیکانە بۆ سەرجەم بەکارهێنەران بەردەست دەکرێت.

سەرچاوە :
20 ته‌مموز، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
828