10
گووگڵ 22, ته‌مموز 2019 بۆچوون

وێنەی بەرگی پارێزەرەکانی مۆبایلەکانی گووگڵ Pixel 4 و Pixel 4 XL دزەیان پێکران و دەریدەخات خاوەن هەستەوەرێکی جیاواز دەبن

تاوەکو ئێستا گووگڵ مۆبایلەکانی گووگڵ Pixel 4 و Pixel 4 XL ـی ڕانەگەیاندووە، ئەمەش بە مانای درێژەکێشانی بڵاوبوونەوەی وێنە و زانیارییە دزەپێکراوەکان دێت سەبارەت بە مۆبایلەکە. لە ماوەی ڕابردوودا چەند نموونەیەکی دزەپێکراوی مۆبایلی Pixel 4 XL بڵاوکرانەوە و دیزاینی تەواوی مۆبایلەکەی ئاشکراکرد. بۆ ئەمجارەش، وێنەی بەرگی پارێزەری مۆبایلەکان دزەیان پێکران.

هەژماری Ice universe لە تویتەر وێنەی بەرگی پارێزەری مۆبایلەکانی گووگڵ Pixel 4 و Pixel 4 XL ـی بڵاوکردۆتەوە، بەرگە پارێزەرەکان دیزاینی پێشەوەی مۆبایلەکانیانی ئاشکرا کردووە و دەردەکەوێت کە بەرگە پارێزەرەکان لە لایەن کۆمپانیای 21D ـیەوە درووست کراون. ئەوەی جێگای سەرنجدانە، مۆبایلەکان لە ڕووی سەرەوەی بەشی ڕاستەوە خاوەن چاڵێکی فراوانن کە وا دیار نییە شوێنی جێگیرکردنی کامێراکان ببن، بەڵکو ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەو چاڵە فراوانە تایبەت دەبێت بە هەستەوەری Project Soli کە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات کردارەکان بە دەست جوڵاندن و بە بێ دەستلێدان لە ڕوونما ئەنجام بدەن.

سەبارەت بە چاڵەکانی دیکە، ڕەنگە هەر یەکە لە کامێراکان و هەستەوەرەکانی قوڵی و ناسێنەرەوەی دەموچاوی تێدا جێگیر بکرێن.

زانیارییە دزەپێکراوەکانی پێشووتر دەڵێن مۆبایلی Google Pixel 4 XL خاوەن ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 6.25 ئینج لە جۆری OLED. تاوەکو ئێستا ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام وا چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی 10 ـی ئەمساڵدا کۆمپانیای گووگڵ لە بۆنەیەکی تایبەتدا مۆبایلەکە لەگەڵ وەشانێکی نوێ لە یاریدەدەری دەنگی Google Assistant و چەند بەرهەمێکی دیکە ڕابگەیەنێت.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ