ئەپڵ
29, تەممووز 2019
ئەپڵ 2 ئایپادی نوێی دیکە لە ئەمساڵدا بەردەست دەکات

ئەپڵ بە تەواوی چاوی لەسەر بەرهەمی ئایپادە و وا دیارە دەیەوێت چەند نەوەیەکی دیکە لە ئامێرەکە لە ئەمساڵدا ڕابگەیەنێت.
بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی AppleInsider، کۆمپانیای ئەپڵ 2 دانە ئایپادی نوێی بە ژمارەی مۆدێلەکانی A2200 و A2232 ـەوە لە داتابەیسی لیژنەی دارایی ئۆراسی (Eurasian Economic Commission) ـدا تۆمار کردووە. لە تۆماری داتابەیسەکەدا ناو و قەبارەی ئایپادە نوێیەکان ئاشکرا نەکراون، بەڵام ڕەنگە نوێکراوەی ئایپادی قەبارە 9.7 ئینج ببن.
پڕوپاگەندەکانی سەرەتای ئەم ساڵ دەیانگوت کە ئەپڵ لە ئەمساڵدا 2 ئایپادی نوێ بە قەبارەکانی 10.2 و 10.5 ئینج بەردەست دەکات، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ئەپڵ 5 مۆدێلی دیکەی لە ئامێرەکەی لە داتابەیسی لیژنەی دارایی ئۆراسیدا تۆمارکردبوو.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا و لە بۆنەیەکی تایبەتدا، کۆمپانیای ئەپڵ لە پاڵ نمایشکردنی نەوەی نوێ لە ئامێرەکانی، 2 ئایپادە نوێیەکەش نمایش بکات.
ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو لە Kitn لە ٢٠١٨ ـەوە.
ئەندازیاری iOS لە Gateway.
خوێندکاری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی.