مایکرۆسۆفت

بەمنزیکانە تایبەتمەندی دامەزراندنەوەی سیستەم لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بۆ Windows 10 زیاد دەکرێت

ئەگەر بەکارهێنەری سیستەمی macOS ـیت، ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێویستی کردبێت سیستەمەکەت لە ڕێگەی macOS Recovery و بە یارمەتی ئینتەرنێت دابمەزرێنیتەوە. مایکرۆسۆفت کار لەسەر زیادکردنی هەمان تایبەتمەندی دەکات بۆ سیستەمی Windows 10.

لە دواین وەشانی تاقیکاری سیستەمی Windows 10 ـدا، بەشێکی نوێ بە ناوی Cloud download زیاد کراوە کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەکان و داگرتنی سیستەم و دامەزراندنەوەی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە لەو حاڵەتانەی کە سیستەم پێویستی بە دووبارە دامەزراندنەوە هەیە. تایبەتمەندییەکە تاوەکو ئێستا بۆ تاقیکارە گشتییەکان بەردەست نییە، هەروەها مایکرۆسۆفت دەڵێت لە ئێستادا تایبەتمەندییەکە بە تەواوی کار ناکات.

لە پێشوودا هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی Dell و Asus و HP و هەندێکی دیکە هەمیشە لەبەرگیراوەی سیستەمیان لە بەشێکی تایبەتی بیرگەدا هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی لە کاتە پێویستەکاندا بەکارهێنەر بتوانێت بە شێوەیەکی ئاسان سیستەمەکە دابمەزرێنێتەوە. بەم تایبەتمەندییە نوێیەی مایکرۆسۆفت، دەرفەت بۆ خاوەن کۆمپیوتەرەکانی دیکەش دەڕەخسێت تاوەکو بە ئاسانترین شێوە سیستەمەکانیان دابمەزرێننەوە.

تایبەتمەندییەکە نوێ نییە، 8 ساڵ لەمەوبەر ئەپڵ تایبەتمەندی macOS Recovery ـی بۆ سیستەمی macOS زیادکرد کە ڕێگەی بە بەکارهێنەران دەدا تاوەکو سیستەمەکانیان بە ئاسانترین شێوە دابمەزرێننەوە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، لەگەڵ لەخۆگرتنی چەندین تایبەتمەندی دیکە.

سەرچاوە :
1 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
828