هەواڵ 2, ئاب 2019

کۆمپانیای Realme ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی یەکەمین مۆبایلی خاوەن کامێرای 64 مێگاپێکسڵی ئاشکراکرد

لە مانگی ڕابردوودا، کۆمپانیای Realme ـی سەر بە کۆمپانیای BBK Electronics ئاشکرای کرد دەبێتە یەکەم کۆمپانیا کە کامێرای 64 مێگاپێکسڵی بۆ مۆبایل بەکاربهێنێت. دواجار و لە ئەمڕۆدا، کۆمپانیاکە ڕێکەوتی بەردەستکردنی مۆبایلە خاوەن کامێرا 64 مێگاپێکسڵییەکەی ئاشکراکرد.

لە جریوەیەکدا لە تویتەر، کۆمپانیای Realme ڕێکەوتی 8 ـی ئەم مانگەی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی بۆنەیەک لە شاری نیودەلهی پایتەختی وڵاتی هیندستان تایبەت بە نمایشکردنی یەکەمین مۆبایلی خاوەن کامێرای 64 مێگاپێکسڵی. هاوکات کۆمپانیاکە ئاشکرای کردووە کە مۆبایلە نوێیەکەی خاوەن 3 دانە کامێرا دەبێت.

جریوەکەی کۆمپانیای Realme بە بێ ئاشکراکردنی زانیاری زیاتر بوو. بەڵام مۆبایلێکی سیانە کامێرایی لە لایەن Realme ـییەوە ناوازە دەبێت، چونکە پێشووتر هەرگیز مۆبایلی خاوەن 3 کامێرایی بەردەست نەکردبوو.

پێشبینی دەکرێت مۆبایلە سیانە کامێراییەکەی Realme خاوەن هەر یەکە لە هەستەوەرەکانی Telephoto و Ultra-wide-angle و Depth Sensor بێت.

دوا بە دوای نمایشکردنی مۆبایلە نوێیەکەی Realme، کەی ئای تی ئێن سەرجەم وردەکارییەکانی مۆبایلەکەتان بۆ ئامادە دەکات. هەر بۆیە، پێویستە چاوەڕێی ڕێکەوتی ئاماژەپێکراو بکەین بۆ ئاشکرابوونی سەرجەم تایبەتمەندییەکان و وردەکارییەکانی مۆبایلەکە.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ