ئەپڵ

بڕیارێکی نوێی حکومەتی ئەمریکا، بۆرسەی ئەپڵی بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزاند و ڕەنگە کار بکاتە سەر نرخی بەرهەمەکانی ئەپڵیش لە داهاتوودا

دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە نرخی باجی ئەو بەرهەمانە دەرکرد کە لە وڵاتی چینەوە هاوردە دەکرێن، بەم بڕیارە بۆرسەی ئەپڵ بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزینی بە خۆیەوە بینی و ڕەنگە لە داهاتووشدا کار بکاتە سەر نرخی بەرهەمەکانی ئەپڵ.

ترەمپ بڕیاریدا کە بە ڕێژەی 10% باجی ئەو بەرهەمانە زیاد بکات کە نرخیان 300 ملیار دۆلار دەبن و لە وڵاتی چینەوە هاوردە دەکرێن، بڕیارەکە لە ڕێکەوتی 1 ـی مانگی 9 ـی ئەمساڵدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەر بەم بڕیارە نوێیەی حکومەتی ئەمریکا، بۆرسەی APPL ـی ئەپڵ بە ڕێژەی 4% دابەزینی بە خۆیەوە بینی. هەروەها پێگەی CNBC ڕایگەیاندووە کە بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی ئەمریکا سەرجەم ئامێرە گرنگەکانی ئەپڵ دەگرێتەوە، لە کاتێکدا کە لە ڕابردوودا ئەپڵ بە دوور بوو لە ژمارەیەک باجی هاوردەی بەرهەمەکان لە چینەوە. بەمەش بە ئەگەرێکی زۆرە نرخی بەرهەمەکانی ئەپڵ وەک ئایفۆن و ماکەکان بە ڕێژەیەکی زۆر زیاد دەبن و چیدیکە بە نرخێکی مامناوەند لە داهاتوودا نافرۆشرێن.

ڕێکەوتی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی حکومەتی ئەمریکا، تەنها چەند ڕۆژێکی کەم بەر لە ڕاگەیاندنی ئایفۆنە نوێیەکان دەبێت. ئەگەر ئەم بڕیارە بەرهەمەکانی ئەمساڵی ئەپڵ بگرێتەوە، لە ئێستاوە پێشبینی نرخێکی کەمی هیچ کام لە بەرهەمەکانی ئەمساڵی ئەپڵ مەکە.

سەرچاوە :
2 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەر لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
841