رەقەکاڵا

سامسۆنگ هەستەوەری کامێرای Bright HMX ـی بە ڕوونی 108 مێگاپێکسڵ بۆ مۆبایلە زیرەکەکان ڕاگەیاند

لە پێشووتردا کۆمپانیای شاومی چینی ڕایگەیاند کە مۆبایلی داهاتووی زنجیرەی Redmi خاوەن کامێرایەک دەبێت بە ڕوونی 64 مێگاپێکسڵ بە بەکارهێانی هەستەوەری ISOCELL GW1 ـی کۆمپانیای سامسۆنگ. ڕەنگە کۆمپانیاکە بایەخ نەدات بە ڕاگەیاندنی ئەو مۆبایلە نوێیەی Redmi و لە جێگەی نوێترین مۆبایلی زنجیرەی Mi بە خاوەن کامێرای 108 مێگاپێکسڵییەوە ڕابگەیەنێت. بە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ سامسۆنگ هەستەوەری کامێرای Bright HMX ـی بە ڕوونی 108 مێگاپێکسڵی تایبەت بە مۆبایلە زیرەکەکان و بە هاوبەشێتی لەگەڵ کۆمپانیای شاومی چینیدا ڕاگەیاند.

هەستەوەرە نوێیەکەی کۆمپانیای سامسۆنگ توانای هەیە بە ڕوونی 64 تاوەکو 108 مێگاپێکسڵ و بە وردی نیشاندانی 12,032 بە 9,024 پێکسڵ وێنەکان بچرکێنێت. بەمەش هەستەوەرەکە دەبێتە یەکەمین هەستەوەری کامێرای تایبەت بە مۆبایلە زیرەکەکان کە توانای چرکاندنی وێنەی ڕوونی 100 مێگاپێکسڵ تێبپەڕێنێت.

هەستەوەری نوێی کامێرای Bright HMX ـی سامسۆنگ توانای هەیە قەبارەی بۆ 1/1.33 زیاد بکات، ئەمەش بە مەبەستی زیادکردنی ڕووناکی لە دۆخی ڕووناکییە کەمەکاندا. خاوەن تایبەتمەندی Tetracell ـە کە دەتوانێت 4 پێکسڵ بکات بە 1 پێکسڵ و وێنەیەکی 27 مێگاپێکسڵی ڕووناک بەرهەم بهێنێت. هەروەها خاوەن هەستەوەری Smart ISO ـە بۆ پڕکردنی نیشانە ئەلکترۆنی و ڕووناکییەکان و کەمکردنەوەی ژاوەژاوەکان.

هەروەها هەستەوەرە نوێیەکەی سامسۆنگ پشتگیری لە تۆمارکردنی ڤیدیۆکان دەکات بە ڕوونی 6K و بە وردی نیشاندانی 6016 بە 3384 پێکسڵ و 30fps، بەبێ لەدەستدانی هیچ ناوچەیەکی بینین.

ئەوەی جێگای ئاماژە پێکردنە، کۆمپانیای شاومی چینی یارمەتیدەری سامسۆنگ بووە بۆ بەرهەمهێنانی هەستەوەری کامێرای Bright HMX تایبەت بە مۆبایلە زیرەکەکان. وا بڕیارە لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا سامسۆنگ دەست بکات بە بەرهەمهێنانی هەستەوەرەکە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ کام لە سامسۆنگ و شاومی ناوی یەکەم مۆبایلیان بە خاوەن هەستەوەرە نوێیەکەی کامێرایەوە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت مۆبایلی Xiaomi Mi Mix 4 ببێتە یەکەمین مۆبایل کە خاوەن هەستەوەرە نوێیەکەی سامسۆنگ ببێت.

سەرچاوە :
12 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
936