ئەپڵ

ئەپڵ دەیەوێت سەرجەم بەکارهێنەران لە بریکار و چاککەرەوە فەرمییەکانی خۆی پاتری ئایفۆنەکانیان بگۆڕن

ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی ئایفۆن لە ماوەی ڕابردوودا تێبینی دەرکەوتنی ئاگادارکردنەوەی نوێیان کردبوو لە بەشی پاتری ڕێکخستنی ئایفۆنەکانیان، کە داوای لێ دەکردن سەر لە نوێ پاتری ئایفۆنەکانیان بگۆڕن. ئەپڵ کاردانەوەی خۆی سەبارەت بەم کێشەیە ئاشکراکرد.

ئەو ئاگادارکەرەوەی کە تووشی ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی ئایفۆن ببووەوە لە دوای گۆڕینی پاتری، ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کە پاترییە نوێیەکە لە لایەن ئەپڵەوە نەگۆڕدراوە و پشتڕاستی ناکاتەوە کە نوێیە، وە سیستەمەکە توانای خوێندنەوەی حاڵەتی پاترییەکەی نابێت. بەمەش ناتوانرێت تەندرووستی پاترییە نوێیەکە ببیندرێت و پێویستە لەسەر بەکارهێنەر کە ئایفۆنەکەی ببات بۆ نزیکترین بریکاری فەرمی ئەپڵ یاخود چاککەرەوەی فەرمی کۆمپانیاکە بە مەبەستی سەر لە نوێ گۆڕینی.

سەبارەت بەم کێشەیە، کۆمپانیای ئەپڵ هەبوونی ئاگادارکەرەوەی لەم جۆرەی پشتڕاست کردەوە و بەم شێوەیە ڕایگەیاند:

ساڵی ڕابردوو تایبەتمەندی Battery Health ـمان لە وەشانە نوێیەکانی iOS ـدا ڕاگەیاند کە یارمەتیدەر بوو بۆ نیشاندانی حاڵەتی پاتری و بۆ ئێمەی پشتڕاست دەکردەوە کە پاترییەکە نوێیەکان لە لایەن چاککەرەوە فەرمی و بڕواپێکراوەکانی ئەپڵەوە گۆڕدراون. ئەم زانیارییانە یارمەتیمان دەدەن تاوەکو یارمەتی کڕیارانمان بدەین لە حاڵەتەکانی زیان پێ گەیاندن، جۆرایەتی لاواز، یاخود حاڵەتی شیاوی پاترییەکە بۆ بەکارهێنان. ئەم تایبەتمەندییە کار ناکاتە سەر توانای بەکارهێنانی ئامێرەکانیان لە دوای گۆڕینی پاتری لە لایەن چاککەرەوە بڕواپێنەکراوەکان.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەپڵ بێت، پێویستە خاوەن ئایفۆنەکان و ئامێرەکانی دیکەی ئەپڵ پاتری لە لایەن بریکارە فەرمی و چاککەرەوە بڕواپێکراوەکانی کۆمپانیاکەوە بگۆڕن، بە پێچەوانەوە ناتوانن حاڵەتی تەندرووستی پاترییەکەیان ببینن. بەڵام هیچ کێشەیەک درووست ناکات بۆ بەکارهێنان ئەگەر لە لایەن بریکار و چاککەرەوە نافەرمییەکانەوە بگۆڕدرێن.

ئامانج لەم کردارەی ئەپڵ بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانیەتی لە هەر حاڵەتێکی مەترسیداری وەکو تەقینەوە و گڕگرتنی پاتری ئامێرەکانیان. ئەگەر بەکارهێنەری ئامێرەکانی ئەپڵیت و لە کوردستانیت، خۆشحاڵانە لە ئێستادا ژمارەیەک بریکار و چاککەرەوەی فەرمی ئەپڵ لە شارە جیا جیاکاندا بوونیان هەن.

سەرچاوە :

15 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
943