ئۆتۆمبێل

ئۆتۆمبێلی کارەبایی Porsche Taycan دەبێتە یەکەمین ئۆتۆمبێل کە بە شێوەی بنەڕەتی خاوەن ئەپی Apple Music ببێت

کۆمپانیای Porsche دەیەوێت بە زووترین کات نوێترین ئۆتۆمبێلی کارەبایی خۆی بە ناوی Taycan ـەوە نمایش بکات. دوێنێ کۆمپانیاکە وێنەی داشبۆردی ئۆتۆمبێلی کارەبایی Taycan بڵاوکردەوە و هەبوونی تایبەتمەندییەکی لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا پشتڕاست کردەوە.

کۆمپانیای Porsche ڕایگەیاند کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی Porsche Taycan خاوەن ئەپی Apple Music ـی تایبەت بە کارپێکردنی میوزیک و گۆرانییەکان دەبێت بە شێوەیەکی بنەڕەتی. بەو واتایەی، بە هیچ جۆرێک پێویست بە مۆبایل ناکات بۆ کارپێکردنی میوزیکەکانی نێو ئەپی Apple Music. هەروەها کۆمپانیا ئەڵمانییەکە دەڵێت خاوەنە نوێیەکانی ئۆتۆمبێلەکە 6 مانگ بەژداربوونی خزمەتگوزاری Apple Music بە خۆڕایی وەردەگرن.

هەرچەندە لە پێشوودا دەتوانرا لە ڕێگەی سەکۆی CarPlay ـی ئەپڵەوە گۆرانییەکانی نێو ئەپی Apple Music کار پێبکرێن، بەڵام ئەم ئۆتۆمبێلە نوێیەی Porsche دەبێتە یەکەمین ئۆتۆمبێل کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەپی Apple Music ـی تێدا جێگیر بکرێت و پێویست بە سەکۆی CarPlay یاخود پەیوەستکردنی مۆبایل نەکات بۆ کارپێکردنی میوزیکەکانی نێو ئەپی Apple Music.

هەروەها Porsche دەڵێت خاوەن ئۆتۆمبێلەکان دەتوانن لە ڕێگەی دەنگەوە کۆنتڕۆڵی کردارەکانی ئەپی Apple Music بکەن. کۆمپانیاکە لە پلانیدایە ئەپی Apple Music بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە نێو ئۆتۆمبێلە نوێیەکانیدا لە داهاتوودا جێگیر بکات.

پێشبینی ناکرێت Porsche سەکۆی Android Auto ـی گووگڵ بۆ ئۆتۆمبێلە نوێیەکانی زیاد بکات، چونکە لە ڕابردوودا بەڕێوەبەڕی کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە 80% ـی کڕیارانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەن مۆبایلی ئایفۆنن. هەر بۆیە Android Auto لەو حاڵەتەدا بێسوود چاوی لێ دەکرێت.

ئۆتۆمبێلی Porsche Taycan دەبێتە یەکەمین ئۆتۆمبێلی کارەبایی وەرزشی کۆمپانیا ئەڵمانییەکە. لە پێشوودا کۆمپانیای Porsche ڕایگەیاند کە بەزرترین خێرایی ئۆتۆمبێلی Porsche Taycan لە نێوان 195 بۆ 215 کیلۆمەتر/کاتژمێر دەبێت. هەروەها ئۆتۆمبێلەکە توانای دەبێت بە 3.5 چرکە لە 0 بگاتە 100 کیلۆمەتر/کاتژمێر. ئۆتۆمبێلە کارەباییەکەی Porsche خاوەن پاترییەک دەبێت بە توانستی 250 کیلۆ وات.

لە ڕێکەوتی 4 ـی مانگی داهاتوودا کۆمپانیای Porsche ئۆتۆمبێلی Porsche Taycan لە بۆنەی تایبەت و لە هەریەکە لە وڵاتەکانی کەنەدا و ئەڵمانیا و چین نمایش دەکات.

سەرچاوە :
21 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
943