هەواڵ

نموونە وێنەکانی مۆبایلی OnePlus 7T بڵاوکرانەوە و ڕەنگە مۆبایلەکە لە پشتەوە خاوەن 3 کامێرا ببێت

کۆمپانیای وەنپڵەس لە ئامادەکاریدایە بۆ ڕاگەیاندنی مۆبایلێکی نوێ لە زنجیرەی OnePlus 7. کۆمەڵێک نموونە وێنەی مۆبایلی OnePlus 7T بڵاوکرانەوە و دیزاینی مۆبایلەکە ئاشکرا دەکەن.

پێگەی Pricebaba و هەژماری OnLeaks لە تویتەر چەند نموونە وێنەیەکی مۆبایلی داهاتووی وەنپڵەسیان بە ناوی OnePlus 7T ـەوە بڵاوکردۆتەوە. لە نموونە وێنەکاندا دەردەکەوێت کە مۆبایلی OnePlus 7T خاوەن 3 کامێرا دەبێت لە پشتەوە و لە بازنەیەکدا جێگیر دەکرێن. هەروەها دەردەکەوێت کە لە پێشەوە خاوەن کامێرایەک دەبێت و لەسەر نۆچە دڵۆپەیی ڕوونماکەیدا جێگیر دەکرێت.

پێگەی Pricebaba ئاماژەی بەوە داوە کە ڕوونی کامێرای سەرەکی مۆبایلەکە 48 مێگاپێکسڵ دەبێت و ڕوونی هەستەوەری قوڵییەکەی 5 مێگاپێکسڵ دەبێت. وە ڕەنگە کامێرای سێیەمی لە جۆری Wide-angle یاخود هاوێنەی جۆری Telephoto ببێت.

پێشبینی دەکرێت مۆبایلی OnePlus 7T خاوەن ڕوونمایەک بێت بە قەبارەی 6.5 ئینج لە جۆری OLED، پڕۆسێسەری Snapdragon 855 Plus ـی لەسەر جێگیر بکرێت و خاوەن ڕامێک بێت بە فراوانی 8 گێگابایت.

هەژماری OnLeaks دەڵێت دوا بە دوای ڕاگەیاندنی مۆبایلە نوێیەکەوە، کۆمپانیاکە جۆرێکی تایبەت لە مۆبایلی OnePlus 7T بە ناوی McLaren Senna ـەوە ڕادەگەیەنێت. تاوەکو ئێستا ڕێکەوتی ڕاگەیاندنی مۆبایلی OnePlus 7T لە لایەن وەنپڵەسەوە نادیارە.

سەرچاوە :
25 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
943