مایکرۆسۆفت 27, ئاب 2019

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕێکەوتی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی تایبەتی بە نمایشکردنی ئامێرەکانی Surface دیاریکرد

کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی ئەمریکی لە ئامادەکاریدایە بۆ ڕاگەیاندنی چەند نەوەیەکی نوێ لە ئامێرەکانی Surface. بۆ ئەم مەبەستەش، کۆمپانیاکە ڕێکەوتی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی تایبەتی بە نمایشکردنی ئامێرەکانی Surface ـی دیاریکرد.

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت ڕێکەوتی 2 ـی مانگی 10 ـی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی تایبەت لە ژێر درووشمی “.Save the date” بۆ ڕاگەیاندنی چەند نەوەیەکی نوێ لە ئامێرەکانی Surface. کۆنگرەکە لە شاری نیویۆری ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا بە ئامادەبوونی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران بەڕێوە دەچێت.

هاوکات کۆمپانیا ئەمریکییەکە دەستیکرد بە ڕەوانەکردنی بانگهێشتنامە بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران بە مەبەستی ئامادەبوونیان لە کۆنگرەکەدا.

چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەکەدا کۆمپانیای مایکرۆسۆفت نەوەیەکی نوێ لە ئامێری Surface Pro بە دیزاینی نوێکراوەوە ڕابگەیەنێت، لەگەڵ ئامێرێکی دیکەی دوانە ڕوونمادا. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت کۆمپانیاکە باس لە تایبەتمەندییە نوێیەکانی دواین وەشانی Windows 10 ـیش بکات.

وەکو هەمیشە، لە ڕێکەوتی ئاماژەپێدراودا کەی ئای تی ئێن لەگەڵتان دەبێت بۆ ناساندنی ئامێرە ڕاگەیەندراوەکانی کۆنگرە گرنگ و تایبەتەکان.

بۆچونی تۆ