ئاسایشی ئەلیکترۆنی

هەژماری فەرمی بەڕێوەبەری تویتەر Jack Dorsey لە تویتەر هاککرا (نوێکراوە)

مەرج نییە هەژماری ئەو کەسەی کە بەڕێوەبەڕی تۆڕێک بێت بە مانای ئەوە بێت پارێزراوترین هەژمارە. کەمێک بەر لە ئێستا هەژماری فەرمی بەڕێز Jack Dorsey بەڕێوەبەڕی تۆڕی تویتەر لە تۆڕەکەی خۆیدا هاککرا.

لە دوای تێپەڕبوونی چەند خولەکێک بەسەر هاککرانی هەژماری Jack Dorsey ـدا لە تویتەر، هەژماری فەرمی تویتەر جریوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا حاڵەتەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە سەرقاڵی گەڕاندنەوەی هەژمارەکە و چارەسەرکردنی کێشەکەن.

ئەو کۆمەڵەیەی کە هەژمارەکەی Jack Dorsey ـیان لە تویتەر هاککردووە، خۆیان بە Chuckle Squad ناو دەبەن. دەستبەجێ لە دوای هاککردنی هەژماری بەڕێوەبەرەکەی تویتەر لە لایەن کۆمەڵەکەوە، کۆمەڵێک جریوەی هەڕەشە ئامێزانە بڵاوەیان پێکرا، بەڵام لە دوای نزیکەی 10 خولەک، سەرجەم جریوەکان بە هۆکارێکی نەزاندراو سڕدرانەوە.

کۆمەڵە هاککەرەکە سوودیان لە هەژمارە هاککراوەکەی Jack Dorsey وەرگرتبوو بۆ پەیوەست بوون بە ڕاژەکانی تۆڕی Discord ـەوە بە بەکارهێنانی چالاکییەکانی Jack. هەروەها کۆمەڵەکە بەستەری بانگهێشتکردنی بەکارهێنەرانیان بۆ Discord لە هەژماری Jack لە تویتەردا بڵاوکردبووەوە.

هەمان کۆمەڵەی هاککەر لە ڕابردوودا هەژماری یوتیوبەرەکانی James Charles و Shane Dawson و King Bach ـیان لە یوتیوبدا هاککردبوو.

لە کاتی گەڕاندنەوەی یەکجاری و هەر هەواڵێکی دیکە لەسەر هەژمارەکەی Jack Dorsey، ئەم بابەتە نوێ دەکرێتەوە. بەڵام لە بیری مەکە، وەکو دڵنیایی، هەر ئێستا تێپەڕە وشەی هەژماری تویتەرەکەت بگۆڕە.

نوێکراوە (31-8-2019 کاتژمێر 00:26): هەژمارەکەی Jack Dorsey بە ماوەی 18 خولەک گەڕێندرایەوە!

سەرچاوە :
31 ئاب، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
927