ئەپڵ

پێگەی Bloomberg: ساڵی داهاتوو ئەپڵ هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما بۆ ئایفۆنەکان بەکار دەهێنێت

ماوەی 2 ساڵ دەبێت ئەپڵ بە تەواوی وازی لە بەکارهێنانی هەستەوەری پەنجەمۆر بۆ ئایفۆنە نوێیەکانی هێناوە. بەڵام وا دیارە کۆمپانیاکە لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا هەستەوەرەکە بە شێوەیەکی جیاواز بۆ ئایفۆنە نوێیەکان بەکار دەهێنێتەوە.

لە ڕاپۆرتێکدا، پێگەی Bloomberg ڕایگەیاندووە کە بە ئەگەری زۆرەوە ساڵی داهاتوو کۆمپانیای ئەپڵ هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما بۆ ئایفۆنە نوێیەکان بەکار دەهێنێت. هەستەوەرەکە لەسەر ئایفۆنێکی نرخ هەرزان جێگیر دەکرێت و لە هەمان کاتدا خاوەن هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاویش دەبێت.

بەکارهێنانی هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما و ناسێنەرەوەی دەموچاو تەواوکەری یەکتر دەبن، ئەگەر هەستەوەری پەنجەمۆر سەرکەوتوو نەبوو لە کردنەوەی قفڵی ئایفۆنەکەدا، ئەوا هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاو بە خێرایی قفڵی ئایفۆنەکە دەکاتەوە، وە بە پێچەوانەوە.

پێشبینیکەری بەناوبانگ بەڕێز Ming-Chi Kuo لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە تاوەکو ساڵی 2021 ئەپڵ هەستەوەری پەنجەمۆر بۆ ئایفۆنەکان بەکار ناهێنێتەوە، بەڵام ڕەنگە پێشبینیکەرەکە هەڵە بێت و ساڵی داهاتوو هەستەوەرەکە لە ژێر ڕوونمای ئایفۆنە نوێیەکاندا ببینین.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەگوترا ئەپڵ لە ساڵی داهاتوودا نەوەیەکی نوێ لە iPhone SE بە نرخێکی هەرزانەوە ڕادەگەیەنێت، ڕەنگە ئەمە ئەو ئایفۆنە بێت کە خاوەن هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما دەبێت.

سەرچاوە :
5 ئه‌یلول، 2019
ئاڤاتار
بەڕێوەبەری نووسین و نووسەرم لە کەی ئای تی ئێن. خوێندکاری پەیمانگەی کۆمپیوتەرم، گەشەپێدەرم و شارەزایی تەواوم هەیە لە هەریەک لە سیستەمە کارپێکەرەکانی iOS و macOS و Windows. ڕۆژانە و بە بەردەوامی ئاگاداری دواین هەواڵ و گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە تەکنەلۆژیام. دەتوانیت کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەیت ئەگەر خوازیاریت پەیوەندیم پێوە بکەیت یاخود ئاگات لە دواین چالاکییەکانم ببێت.
943