10
ئەپڵ 10, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

ئەپڵ iPhone 11 Pro و Pro Max ـی بە 3 دانە کامێرا و نرخی دەستپێکی 999$ ـەوە ڕاگەیاند

لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیەکی تایبەت لە لایەن ئەپڵەوە لە ئەمشەودا، ئەپڵ مۆبایلەکانی iPhone 11 Pro و Pro Max ـی بە 3 دانە کامێرا و نرخی دەستپێکی 999$ ـەوە ڕاگەیاند.

مۆبایلی iPhone 11 Pro خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 5.8 و iPhone 11 Pro Max ـیش خاوەن ڕوونمایەکە بە قەبارەی 6.5 ئینج. هەردوو ئایفۆنە نوێیەکە زۆر لە iPhone XS و XS Max ـی ساڵی ڕابردوو دەچن، بەڵام ئەوەی جیایان دەکاتەوە 3 کامێراکەیانە لەگەڵ ڕەنگی نوێی سەوزی سەر لە بەیانی. ڕوونمای ئایفۆنە نوێیەکان لە جۆری Super Retina XDR ـن، کە جۆرێکی نوێیە لە OLED. وە لە پێشەوە خاوەن نۆچن و تێیدا کامێرای پێشەوە و هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاو Face ID و چەند هەستەوەرێکی دیکەی تێدا جێگیر کراوە.

هەردوو ئایفۆنە نوێیەکە خاوەن پڕۆسێسەری A13 Bionic ـن، ئەپڵ دەڵێت ئایفۆنە نوێیەکان خاوەن خێراترین پڕۆسێسەر و گرافیکن کە تاوەکو ئێستا لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان بوونیان هەبێت. لە پڕۆسێسەرە نوێیەکەدا Machine Learning بەکار هاتووە، هەر ئەمەشە کە دەیکاتە بە تواناترین پڕۆسێسەر.

iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max لە پشتەوە خاوەن 3 دانە کامێران و ڕوونی گشتیان 12 مێگاپێکسڵ دەبن. کامێرا سەرەکییەکەی توانای هەیە 120 پلە بسوڕێت و دوو کامێراکەی دیکەشی لە جۆری wide-angle و telephoto ـن. توانایان هەیە بە ڕوونی 4K60 ڤیدیۆکان تۆماربکەن.

ڕوونی کامێرای پێشەوەی ئایفۆنە نوێیەکان 12 مێگا پێکسڵە و توانای هەیە بە ڕوونی 4K و لە دۆخی slow-mo ـدا ڤیدیۆکان تۆمار بکات.

ئایفۆنە نوێیەکان خاوەن تایبەتمەندی Deep Fusion ـن کە 4 کورتە وێنە و 4 وێنەی دیکە دەچرکێنێت و لە ڕێگەی Machine Learning ـەوە دەیانکات بە یەک وێنە، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش بدات بە وێنەیەک کە لە ڕووناکی مامناوەنددا دەچرکێندرێت.

لە ئایفۆنە نوێیەکاندا، لەمەودوا هەستەوەری ناسێنەرەوەی دەموچاوی Face ID دەتوانێت لە گۆشەی گەورەترەوە کار بکات، وە خاوەن بارگاویکەرەوەیەکی 18 واتییە و لە نێو پاکەتەکەیدا بوونی دەبێت.

هەردوو ئایفۆنە نوێیە بە ڕەنگەکانی سەوزی سەر لە بەیانی و ڕەش و زیوی و ئاڵتونییەوە بەردەست دەکرێن. نرخی iPhone 11 Pro لە 999$ ـەوە دەست پێدەکات و نرخی iPhone 11 Pro Max ـیش لە 1,099$ ـەوە دەست پێدەکات. وا بڕیارە لە ڕێکەوتی 20 ـی ئەم مانگەدا بەردەست بکرێن بۆ فرۆشتن. وە لە ڕێکەوتی 13 ـی ئەم مانگەدا دەست دەکرێت بە فرۆشتنی بە شێوەی داواکاری پێشوەختە

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ