10
بیروڕا 14, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

گوتراوە تا شتێک لێ بەسەر نەیەت دۆست و دوژمنت بۆ دەرناکەوێت

دەمەوێت لە سۆنگەی ئەم گوتەیەی کە دەڵێت تا توشی ڕووداوێکی ناخۆش و نەخوازراو نەبیت، ئەوا دۆست و دوژمنت بۆ دەرناکەوێت و نایان ناسیت، وتارەکەم دەست پێ بکەم. ئاشکرایە تەمەنی کەی ئای تی ئێن وا نزیک دەبێتەوە لە ٨ ساڵ خزمەتی خۆبەخشی و بەردەوام بەبێ دابڕان. ئەو خزمەتەی ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بۆیەوە و چەندان جار بڕیار وابووە بوەستین، بەڵام هۆکارگەلێک هەمیشە پاڵنەربوون تاوەکو بەردەوام بین و کۆڵ نەدەین. ئێمە بە هۆی خۆبەخشیمان ستافمان ناجێگر بووە و ئەوانەی خۆبەخشانە لەگەڵمان بوون تەنها تا ماوەیەکی دیاریکراو توانیویانە و پاشان بە هەندێک هۆکار دەستەکەی ئێمەیان بەجێ هێشتووە. لە ئێستاشدا، ستافمان زۆر لە پەنجەکانی دەست کەمترە و لە جارانیش بە گڕوتینترین و بەردەوامین لە ڕووماڵی هەواڵ و بابەت و زانیارییە تەکنەلۆژییەکان.

دەمەوێت سەرەنجتان ڕابکێشم بۆ ڕووداوی ڕۆژی 31 ـی 8 کە فەیسبووک بە هۆکاری وێنەیەکی ساڵی 2016 سزای خستە سەر پەڕی فەیسبووکی کەی ئای تی ئێن، و بووە هۆی ئەوەی بابەتەکانمان سنوردار بکرێن لە ڕووی گەیشتن بە بەکارهێنەران و دەرکەونەکەوتنی بابەتەکان لە News Feed ـدا. ئێمەش لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارییەتییەوە بابەتمان لەسەر هەژمارەکانمان لە تێلەگرام و ئینستەگرام بڵاوکردەوە کە ڕووداوێکی لەم شێوەیە ڕوویداوە و پەڕی فەیسبووکمان توشی سزا هاتووە، و ڕوونیشمان کردەوە کە بە چی وای لێهاتووە. هەر ئەو کات ئێمە میوانانی ماڵپەڕ و هەوادارانمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاگادارکردەوە کە لە ئینستەگرام و تێلەگرام بەردەوام دەبین و لەگەڵمان بن.

هەر لە درێژەی ئاگادارییەکانماندا و بڵاوکردنەوەی بابەتێکم لەسەر پەڕی خۆم لە فەیسبووک، بەداخەوە دەرکەوت کە تۆڕێکی قازانج نەویستی وەکو کەی ئای تی ئێن دوژمنێکی زۆری هەیە و لە پشتی پەردەوە خۆیان شاردووەتەوە، چونکە دەرکەوت لە جیاتی هاوخەمی، کۆمەڵێک خۆشحاڵ بوون بەوەی وامان لێ بەسەرهاتووە، کە جێگەی داخ و پەژارەیە و بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکمان بۆ کەس هەبووبێت، بەڵکو بووینە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئاراستەی وێبی تەکنەلۆژیای کوردی بە ئاراستەیەکی درووست بسوڕێنینەوە و لە دوای ئێمە چەندین پەڕ و پێگەی هاوشێوە کرانەوە و بەو ئاراستە دروستەدا هەنگاو دەنێن. ئەمە جێگەی شانازییە و بە دەستکەوتی دەزانین. هەروەک، لەم ماوەیەدا چەندین کەسی دڵسۆزیش بە شێوەی جیاجیا هاوخەمی خۆیان دەربڕیوە و زوو زوو لە دۆخی ئەم ڕووداوەیان پرسیوە. سوپاسیان دەکەین و هەمیشە بمێنن بۆ کەی ئای تی ئێن.

سەرباری ئەوەی کە بەبێ هۆکار دوژمنمان بۆ پەیدابوون، دەمەوێت لێرەوە بە دۆست و دوژمن ڕابگەیەنم کە سوپاس بۆ خوا ئێمە کێشەمان لەگەڵ کەس نییە و هیوادارین ڕق و کینە لە خۆوە و بەبێ هۆ لە بەرامبەر ئێمە لە دڵ نەگرن، بەڵکو ببنە هۆکارێک بۆ بڵاوکردنەوەی زانست و زانیارییەک کە لە بەرامبەردا هیچیان لێ وەرناگیرێت و بێ بەرامبەرە. ئێمە ڕێز و خۆشەویستیمان بۆ هەمووان هەیە و هیوادارین بتوانین بەیەکەوە هەنگاو بنێین و زمانی کوردی لەسەر وێب زیاتر دەوڵەمەند بکەین و ناوەڕۆکی زیاتر بە زمانی دایکمان بڵاوبکەینەوە.

هەر بەم بۆنەیەوە، دەمەوێت مژدانەتان پێ بدەم و پێتان ڕابگەیەنم ئەمڕۆ سزاکە لەسەر پەڕەکەمان هەڵگیراوە و بەپێی ئەوەی بابەتەکان بە بەکارهێنەران دەگەن لەسەر News Feed، وا دیارە پەڕەکەمان لەسەر فەیسبووک کێشەی نەماوە و چالاکی و گەیشتنی بە هەوادارانمان ئاسایی بووەتەوە.

تاگەکان Facebook Opinion Pageban
بۆچونی تۆ