10
سامسۆنگ 20, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

سامسۆنگ گاڵتە بە هواوەی دەکات بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ لە زنجیرەی هواوەی مەیت 30

بێگومان کۆمپانیاکان هەمیشە لە هەلێک دەگەڕێن تا گاڵتە بە ڕکابەرەکانیان بکەن، ئێستاش بۆ سامسۆنگ و هاوشێوەکانی باشترین هەلە تا ئەم کارە بکەن. ئەواتا بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ Googleplay Services لەسەر زنجیرەی مەیت ٣٠ هواوەیدا، سامسۆنگ لە ڕیکلامێکدا گاڵتە بە هواوەی دەکات.

لە ڕیکلامێکدا کە بەکارهێنەرانی ئەمەریکای لاتینی تێدا بە ئامانج گیراوە، سامسۆنگ ٤ مانگی خۆڕایی لە Youtube Premium بە هەر کەسێک دەدات کە گالەکسی نۆوت ١٠ بکرێت، و لە ڕیکلامەکەشدا نوسراوە باشترین مۆبایلی ئەندرۆید لە ئێستادا.

شایەنی باسە، هەردوو کۆمپانیا لە جەنگێکی سەختدان و هواوەیش هەمیشە ویستوویەتی ببێتە یەکەم بۆ ئەم ساڵ، بەڵام وادیارە بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە سەختە و دەبێت سامسۆنگ لەم ڕووەوە سوپاسی دۆناڵد تڕەمپ بکات. لە ڕاستیدا، هواوەی مەیت ٣٠ و ٣٠ پڕۆ لە تایبەتمەندیدا نایابن، بەڵام بەداخەوە کە بەبێ خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ بەردەست دەبن.

لە لێدوانێکیدا، ڕیچارد یو، بۆ تێک ڕەیدەر دەڵێت ئێمە پەیوەندیمان باشە لەگەڵ گووگڵ و هەمیشە هەنگاوی باشمان ناوە، بەڵام ئەوەی دەگوزەرێت هەمووی لە حکومەتی ئەمەریکییەوەیە. شایەنی باسە، لە کۆنگرەی ڕاگەیاندنی زنجیرەی مەیت ٣٠ دا ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە گوژمەی ١ ملیار دۆلاریان تەرخان کردووە تا بتوانن لە وەبەرهێنانی AppGallery دا بەکاری بهێنن و سەرەنجی پەرەپێدەران ڕابکێشن لە دانانی ئەپەکانیان لەم کۆگایە. هەروەک گوتیشی لە نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ چاوەڕوانی دابەزینی ڕێژەی فرۆش دەکەین لە ڕۆژئاوا، بەڵام لە چین کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت.

شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیاش دەڵێن هەرچەندە زووە بڵێین ئەمە دەسپێکێکی زیانبەخشە بۆ هواوەی و کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەری، بەڵام هیواخوازیشین لەم دۆخە بێتە دەرەوە و ڕزگاری بێت لێی.

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ