ئەپڵ 20, ئه‌یلول 2019

7 هۆکار کە وادەکات ئایفۆن 10 و 10 ئێسەکەت نەگۆڕیت بە ئایفۆن 11 پڕۆ و پارەکەت پاشەکەوت بکەیت

بێگومان ئەگەر خاوەنی ئایفۆن ١٠ یان ١٠ ئێس بیت، ئەوا دەتوانیت بە نرخێکی دیاریکراو بیفرۆشیتەوە و ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ دۆلاری تری بخەیتە سەر و ئایفۆن ١١ پڕۆ بکریت.

لە ڕاستیدا، لە ئایفۆن ١١ ـدا گۆڕانکاری و چاکسازی زۆر ئەنجامدراون، بەڵام هیچیان ناگەن بەو ئاستەی ئایفۆن ١٠ یان ١٠ ئێسە باشەکەی خۆتیان بۆ بفرۆشیت. بۆ نمونە؛ نە کامێرا نوێیەکان و نە شوشە ماتەکەی پشتەوەی و نە پڕۆسێسەرە نوێیەکانیش، چونکە هیچ یەکێک لەوانە هێندە دڵخۆشت ناکەن، مەگەر بە تایبەت بەدوایاندا وێڵ بووبیت.

هەموو ئەم تایبەتمەندیانەی ئایفۆن ١١ پڕۆ و زیاتریش لە ئایفۆنەکانی ساڵی داهاتوو بەردەست دەبن، کەواتە بۆچی پەلە دەکەیت ئەگەر ئێستا لەگەڵ ئایفۆن ١٠ یان ١٠ ئێسەکەت دڵخۆشیت و پێیان ڕازیت؟!

ئەگەر هێشتاش دڵت دەڵێت بیکە بە ئایفۆن ١١، بەڵام چاوەڕوانی مێشکت دەکەیت تاوەکو شتەکان و دوودڵیەکەت هاوسەنگ بکات، لەوانەیە ئەم چەند هۆکارەی خوارەوە هاوکارت بن لە ڕاگرتنی هاوسەنگییەکە و دووبارە بیربکەیتەوە پێش کڕینی ئایفۆن ١١:

١- لە ڕووی دیزاینەوە، ئایفۆنی ١٠ و ١٠ ئێس بە نزیکی هەمان دیزاینی ئایفۆن ١١ پڕۆیان هەیە، کەواتە لە ڕووی دیزاینەوە هیچ شتێکی ئەوتۆت دەست ناکەوێت کە زۆر نوێ و سەرەنج ڕاکێش بێت، تەنها شوشە ماتەکەی پشتی و ٣ کامێراکە نەبێت!

٢- ئەگەر ئێستا زۆر ئاسودەیت لەگەڵ خێرایی ئایفۆن ١٠ یان ١٠ ئێسەکەت و کێشەت نییە لە بەگەڕخستنی iOS 13 و ئەپەکانی، کەواتە چ پێویست دەکات بیکەیت بە ئایفۆن ١١ پڕۆ؟! لە ڕاستیدا، وەکو هەمیشە پڕۆسێسەرە نوێکەی ئایفۆن ١١ پڕۆ خێراترە، بەڵام پڕۆسێسەرەکانی سەر ئایفۆن ١٠ و ١٠ ئێس هێشتا لە باشترینەکانن و توانستێکی نایاب پێشکەش دەکەن!

٣- ئایفۆن ١٠ و ١٠ ئێس هێشتا خاوەنی کامێرای نایابن. لەوانەیە بڵێیت، ئەی دۆخی شەو (Night Mode) و گۆشەفراوان؟ بەڵام من دەڵێم ئەوانە لە هەرە پێویستەکان نین، لە ڕاستیدا.

٤- ئایفۆن ١١ پڕۆ خاوەنی ڕوونمایەکە بە ناوی Super Retina XDR کە ئاست بەرز و جوانە، بەڵام ئایفۆن ١٠ و ١٠ ئێسیش خاوەنی ڕوونمایەکن کە من گومانم وایە کەم کەس بتوانێت جیاوازیان پێ بکات لەگەڵ ١١ پڕۆ. ڕوونماکەی ئەوانیش ناوی Super Retina HD ـیە و بێ کێشەیە لە جوانی و وردیدا.

٥- ئایفۆن ١١ پڕۆ خاوەن کامێرایەکی سێڵفی باشترە لە ڕووی تەکنیکییەوە، بەڵام بەم شێوەیەش نییە وا بکات ئایفۆن ١٠ یان ١٠ ئێسەکەتی بۆ بفرۆشیت و بیکەیت بە ئایفۆن ١١ پڕۆ.

٦- ئایفۆن ١٠ یان ١٠ ئێسەکەی تۆ لە ڕووی کێشەوە سوکەڵەترە بە بەراورد بە ئایفۆن ١١ پڕۆ. تەنانەت کەمێک تەنکتر و بچوکتریشن.

٧- ئەگەر دەزانیت پاتری ئایفۆن ١٠ یان ١٠ ئێسەکەت کەمتر بەرگە دەگرێت لەچاو جارانەوە، بەڵام هەموو شتێکی دیکەی بێ کێشە کاردەکات، ئەوا من پێشنیار دەکەم لە جیاتی خەرجکردنی پارەیەکی زۆرتر و گۆڕینی بۆ ئایفۆن ١١ پڕۆ، دەتوانیت پاترییەکەی بگۆڕیت، کە لەوانەیە نرخی ئەو پاترییە لە نێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ دۆلار بێت. کەواتە پێم وایە پاتریش هۆکارێکی ئەوەندە قایلکەر نییە ببێتە هۆی گۆڕینی ئایفۆن ١٠ یان ١٠ ئێسەکەت بۆ ئایفۆن ١١ پڕۆ.

بە پوختی و بە کورتی، پارەکەت پاشەکەوت بکە و بەردەوام بە لە بەکارهێنانی ئایفۆن ١٠ یان ١٠ ئێسەکەی خۆت.

تاگەکان iPhone11Pro iPhoneX iPhoneXS
بۆچونی تۆ