10
ئەندرۆید 22, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

وەنپڵەس دەستیکرد بە ڕەوانەکردنی وەشانی جێگیری Android 10 بۆ بەکارهێنەرانی OnePlus 7 و OnePlus 7 Pro

کۆمپانیای وەنپڵەس یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کە بە شێوەیەکی جدی لە هەوڵدایە بۆ ڕەوانەکردنی وەشانە نوێیەکانی ئەندرۆید بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایلە نوێ و کۆنەکانی بەبێ جیاوازی. بۆ ئەم مەبەستەش، کۆمپانیاکە دەستیکرد ڕەوانەکردنی وەشانی جێگیری Android 10 بۆ بەکارهێنەرانی OnePlus 7 و OnePlus 7 Pro.

پێشووتر دەزاندرا کە وەنپڵەس وەشانی جێگیری Android 10 بۆ مۆبایلەکانی OnePlus 7 و OnePlus 7 Pro ڕەوانە دەکات، بە هۆی ئەوەی لە ڕابردووشدا وەشانی تاقیکاری لە ئەندرۆیدە نوێیەکەی بۆ ڕەوانە کردبوون. لە کۆتایدا، دوێنێ کۆمپانیای وەنپڵەس وەشانی 10.0 ـی ڕووکاری OxygenOS ـی بنچینەکراو لەسەر وەشانی جێگیری Android 10 ـی ڕەوانەی هەردوو مۆبایلی ناوبراو کرد. وەشانە نوێیەکە چەندین گۆڕانکاری بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمانەی خوارەوە گرنگترین گۆڕانکارییەکانن:

سیستەم:

  • هەبوونی ڕووکارێکی نوێ
  • باشترکردنی ئاسایشی داواکاری شوێن
  • زیادکردنی بژاردەیەکی نوێ لە Settings بۆ دەستکاریکردنی شێوازی چوارچێوەی وێنۆچکەکانی Quick Settings

جوڵە:

  • زیادکردنی جوڵەی گەڕانەوە بە پەنجەبردن لە ڕاست و چەپی ڕوونماوە
  • زیادکردنی دوگمەی نوێ بۆ شریتی ڕێنیشاندەر (Navigation Bar) بۆ چوونە نێو دواین ئەپە کراوەکان

تایبەتمەندی Game Space:

  • زیادکردنی تایبەتمەندی Game Space بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم یارییە دڵخوازەکانت لە شوێنێکدا بە مەبەستی ئاسان دەست پێگەیشتنیان

ڕوونمای زیرەک:

  • نیشاندانی زانیارییە گرنگەکانی وەک کات، شوێن و بۆنەکان بۆ چواردەوری ڕوونما

نامەکان:

  • لەمەودوا دەتوانێت بە ئاسانی و بە دیاریکردنی چەند وشەیەک ڕێگری لە نامە بێزارکەرەکان بکرێت

لە ئێستادا وەشانەکە ڕەوانەی ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی مۆبایلەکانی OnePlus 7 و OnePlus 7 Pro کراوە و بەمنزیکانە دەگاتە دەست سەرجەم بەکارهێنەرانی مۆبایلە ناوبراوەکان لە سەرانسەری جیهاندا.

هەروەها کۆمپانیای وەنپڵەس بەڵێن دەدات لە داهاتوویەکی نزیکدا وەشانی جێگیری Android 10 ڕەوانەی ئەم مۆبایلانەش بکات:

  • OnePlus 5/5T
  • OnePlus 6/6T
  • OnePlus 6T T-Mobile
  • OnePlus 7 Pro T-Mobile
  • OnePlus 7 Pro 5G EE
  • OnePlus 7 Pro 5G Sprint
سەرچاوە :
بۆچونی تۆ