10
جۆراوجۆر 22, ئه‌یلول 2019 بۆچوون

ڤیدیۆ: تاقیکردنەوەی بەردانەوەیەک نیشانمان دەدات کە شووشەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro چەندە بەهێزن

لە کاتی نمایشکردنی ئایفۆنە نوێیەکان، لەسەر سەکۆی کۆنگرەکە کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند کە iPhone 11 و iPhone 11 Pro و iPhone 11 Pro Max خاوەن بەهێزترین شووشەن کە تاوەکو ئێستا لە پشتەوە و پێشەوەی مۆبایلەکاندا بوونیان هەبێت. هەرچەندە گۆڕانکاری دیار لە ئایفۆنە نوێیەکاندا بەدی نەکرا، بەڵام خۆڕاگری شووشەی پشتەوە و پێشەوەی، سەرنجی زۆرینەی میدیاکانی بە لای خۆیدا ڕاکێشا.

پێگەی CNET تاقیکردنەوەیەکی بەردانەوەی لەسەر هەریەکە لە ئایفۆنەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro ئەنجامدا. خاتوون Lexy Savvides هەریەک لە ئایفۆنەکانی iPhone 11 و iPhone 11 Pro ئامادە دەکات بۆ تاقیکردنەوەی بەردانەوە بە مەبەستی دەرکەوتنی بەهێزی شووشەی پشتەوە و پێشەوەیان. تاقیکردنەوە پێکدێت لە 4 بەردانەوە. لە خوارەوەی ڤیدیۆکەدا، پڕۆسەی بەردانەوەکە ڕوون کراوەتەوە.

بەردانەوەی یەکەم: لە بەرزی 3 پێ بە پێشەوە و پشتەوەدا

لە تاقیکردنەوەی یەکەمدا، iPhone 11 و iPhone 11 Pro لە بەرزی 3 پێوە بە ڕووەکانی پێشەوە و پشتەوەدا بەردەدرێنەوە. هیچ کام لە ئایفۆنەکان زیانیان پێ ناگات و شووختیان تێناچێت. تاقیکردنەوەکە دووبارە دەکرێتەوە، ئەمجارەش هیچ زیانێکی بچووک بەر ئایفۆنەکان ناکەوێت.


بەردانەوەی دووەم: لە بەرزی 6 پێ بە پێشەوە و پشتەوەدا

ئەمجارە ئایفۆنەکان لە بەرزی 6 پێوە بە ڕووەکانی پێشەوە و پشتەوەدا بەردەدرێنەوە. هیچ زیانێک یاخود شوختێک بەر iPhone 11 ناکەوێت. بەڵام ئەنجامەکە کەمێک جیاوازە بۆ iPhone 11 Pro، لەم بەردانەوەیەدا زیانێکی بچووک بەر ڕوونماکەی دەکەوێت و دەبێتە هۆی درووستبوونی شوختێکی بچووک لەسەر شووشەکەی.


بەردانەوەی سێیەم: لە بەرزی 8 پێ بە پێشەوە و پشتەوەدا

لە تاقیکردنەوەی بەردانەوەی ئەمجارەدا، بەرزی بەردانەوە زیادکرا بۆ 8 پێ و بە ڕووەکانی پێشەوە و پشتەوەدا بەردرایەوە. دووبارە، هیچ زیانێک بەر iPhone 11 ناکەوێت. بەڵام هەندێک شووخت بەر کامێرای پشتەوەی iPhone 11 Pro کەوتووە و هەندێک شووختی بچووکیش لەسەر ڕوونماکەی درووست بوون. هێشتا کامێرای هەردوو ئایفۆنەکە بێکێشە کار دەکەن.


بەردانەوەی چوارەم و کۆتایی: لە بەرزی 11 پێ بە پێشەوە و پشتەوەدا

کۆتا تاقیکردنەوەی بەردانەوە لەسەر ئایفۆنەکان بە بەرزترین مەوداوە لەسەر ئایفۆنەکان ئەنجام دەدرێت، بە بەرزی 11 پێ. لەم تاقیکردنەوەیەدا، ئایفۆنەکان بە هێزێکی زۆرەوە دەکەونە خوارەوە. هیچ زیانێک بەر پشتەوە و پێشەوەی iPhone 11 ناکەوێت، بەڵام ئەم بەردانەوەیە دەبێتە هۆی لەکارخستنی کامێرای پشتەوەی، کامێرای پێشەوەی بێکێشە کار دەکات.

لە بەردانەوەکەدا، چوارچێوەی سیمکارتی iPhone 11 Pro دێتە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە هەندێک شووخت دەکرێت لە چوارچێوەکانی مۆبایلەکەدا. بەڵام بە پێچەوانەی iPhone 11 ـەوە، کامێرای پشتەوەی کار دەکات.

لە تاقیکردنەوەکەدا، شووشەی هیچکام لە ئایفۆنەکان نەشکان. ئەم وێنەیەی خوارەوە ئەنجامی پشتەوەی ئایفۆنەکان بەدیار دەخات لە دوای سەرجەم بەردانەوەکان.

ئەم تاقیکردنەوە دەری دەخات کە ئایفۆنە نوێیەکانی ئەمساڵ خاوەن بەهێزترین شووشەی ڕووی پشتەوە و پێشەوەن، هەروەک ئەپڵ وتی. بەڵام، هێشتا پێشنیاری بەکارهێنانی پارێزەر (کەڤەر) دەکەین تاوەکو ئایفۆنەکەت بەدوور بێت لە هەر زیان و شوختێک.

بۆچونی تۆ